کرێملن: لوتکەى ئاشتیی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریى مۆسکۆ بێمانایە

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن

گوتەبێژی کۆشکى کرێملن رایگەیاند، لوتکەى ئاشتیی ئۆکرانیا کە بڕیارە لە سویسرا بەڕێوەبچێت بەبێ بەشداریى رووسیا بێمانایە و هیچ ئەنجامێکی نابێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکى کرێملن رایگەیاند، "پێویستە لەوە تێبگەین لوتکەى ئاشتیی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریى رووسیا هیچ ئەنجامێکی نابێت".

گوتیشى"سەرۆک پوتن دووپاتیکردووەتەوە دەرگاى گفتوگۆ کراوەیە و ئەم پرۆسەیە رێگەیەکی باشترە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئۆکرانییەکان خۆیان لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ رووسیا قەدەغە کردووە، هیچ ئاسۆیەک نابینین".

پێسکۆڤ ئاماژەى بەوەشکرد، "زۆرجار گوتوویانە گفتوگۆکان بەبێ رووسیا لەبارەى شەڕى ئۆکرانیاوە هیچ ئەنجامێکیان نابێت".

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژانى 15 و 16ـی نیسانى 2024، لە هاوینەهەواری کەناری دەریاچەی بورگنستۆک لە نزیک شاری لۆسێرن لە سویسرا، دانوستانەکانی ئاشتی ئۆکرانیا بۆ راوەستانى شەڕى سێ ساڵەى رووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 100 وڵات بانگهێشتى ئەو لوتکەیە کراون.

لە شوباتى 2022ـەوە ئۆپەراسیۆنى سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، هەوڵەکانى ئاگربەستیش بێئەنجام ماونەتەوە، تاکە مەرجى ئۆکرانیاش بۆ راگەیاندنى ئاگربەست کشانەوەى سوپاى رووسیایە لە نیمچە دوورگەى کریمیا و ئەو ناوچانەى کۆنترۆڵیکردوون، لەبەرامبەریشدا ڤیلادیمیر پوتنى سەرۆکى رووسیا جەختلەوەدەکاتەوە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەیان تاوەکو بەدیهێنانی ئامانجەکانی وڵاتەکە بەردەوامدەبن.