دامەزراوەیەکی ئابووریی عێراقی: ساڵی رابردوو بە بەهای 70 ملیار دۆلار کەلوپەل هاوردەکراوە

کرێکارێک لە دوکانێکی ناوەڕاستی بەغدا ئەو ئامێرە فێنککەرەوانە رێکدەخات کە لە ئێرانەوە هاوردەکراون. فۆتۆ: AP

دامەزراوەی عێراقی داهاتوو، بۆتوێژینەوە و راوێژکاریی ئابووری ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2023دا، عێراق لە 11 دەوڵەتی جیهانەوە، بە بەهای 70 ملیار دۆلار کەلوپەلی هاوردە کردووە.

ئەو دامەزراوە ئابوورییە لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاشکرایکردووە، زانیارییەکانی پشتی بەستووە بە داتاکانی دەستە فەرمییەکانی گومرگ، کە عێراق کەلوپەلی لەو ماوەیەدا هاوردە کردووە.

بە گوێرەی داتاکان دیاترین وڵاتەکانیش بریتینلە، ئیمارات و چین و تورکیا و هیندستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سعودیە و بەرازیل و کۆریای باشوور، ئەڵمانیا و ژاپۆن و ئێران.

بە گوێرەی راپۆرتى دامەزراوەکە کۆی بەرهەمی هاوردە لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە نزیکەی 70 ملیار دۆلار، بەراورد بە ساڵی 2022 بەڕێژەی لە 6% زیادیکردووە، کە بەهاکەی لەو ساڵەدا 63 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، کۆی هاوردەی عێراق لەو وڵاتانەوە جگە لە ئێران، گەیشتووەتە 56 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا بڕى هاوردە 58 ملیار دۆلار بووە، واتە بەڕێژەی لە 2.8% زیادیکردووە.

ئەو دامەزراوە ئابوورییە ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە ئێران رۆژانە عێراق پێویستی بە بڕی 206 ملیۆن دۆلاری نەختینە دەبێت، بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لەو وڵاتانەوە.