ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەوڵی ئازادکردنی هاوڵاتییەکی ئیسرائیلین لە عێراق

ئاڵای ئەمریکا. فۆتۆ: AP

رۆژنامەی تایم ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەندامانی حیزبی دیموکراتی ئەمریکا لەناو کۆنگرێس فشارەکانی خۆیان بۆ ئازادکردنی ئەلیزابێس تسۆرکۆف، ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلیەی کە لە عێراق دەستگیرکراوە بۆسەر حکومەتی عێراق دەستپێکردووە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاشکرایکردووە، سیاسییە ئیسرائیلییەکان بێزار و نیگەرانن لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلیە لە عێراق، کە زیاتر لە دوو ساڵە هیچ هەوڵێکی کرداری نییە بۆ ئازادکردنی.

راپۆرتەکە دەڵێت، سیاسییە ئەمریکییەکان جەختلەوەدەکەنەوە، پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغداد لە پێناو ئازادکردنی تسۆرکۆف بەکاربهێنێت.

بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە ئیسرائیلییەکە، سیاسییە ئەمریکییەکان داوایان لە بایدن کردووە، پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن کە بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگەدا ئەنجامیبدات، هەوڵی ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلیە بدات.

ئیلزابێس تسورکۆف کە لە هەمانکاتدا خاوەنی رەگەزنامەی ئیسرائیلی و رووسیشە، خوێندکاری دکتۆرا و توێژەرێکی ئیسرائیلییە لە سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 2023 لە بەغداد دەستگیر کراوە.

تسۆرکۆف دواتر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دان بەوەدا دەنێت لەسەر داوای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) هاتووەتە ناو عێراقەوە، جەختیشدەکاتەوە پێشتر لەناو دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیلدا کاریکردووە و هەماهەنگیشی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) هەبووە.