نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵانە شەش ملیۆن تۆن خۆراک لە عێراق بەفیڕۆدەدرێت

بەربانگی عێراقییەکان لە مانگی رەمەزاندا. فۆتۆ: AP

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵانە لە عێراق شەش ملیۆن تۆن خۆراک بە فیڕۆدەدرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ھیچ سیاسەتێکی کارا نییە بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەفیڕۆدانی خۆراک.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینیدەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بڕی بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق زیادبکات و بگاتە حەوت ملیۆن تۆن.

ئامارى بەفیڕۆدانى خۆراک لە عێراق لە چوارچێوەى راپۆرتێکى نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە لەبارەی بڕی بەفێڕۆدانی خۆراک لە جیھان بڵاویانکردووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە بە فیڕۆدانى خۆراکدا، عێراق لە ڕیزبەندی شەشەمی جیھاندایە، بە شێوەیەک ساڵانە بڕی 143 کیلۆگرام بۆ ھەر کەسێک خۆراک بە فیڕۆ دەدرێت.

دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان ھۆکاری سەرەکیین بۆ بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق، چونکە عێراقییەکان لە کاتی ئامادەکردنی خواردن لە ماڵەوە، بڕێکی زۆرتر لە خۆراک لەوەی پێویستیانە ئامادە بکەن بە تایبەتی لە رۆژانی جەژن و بۆنەکاندا.