ئاژانسی فارس نیوز: ئێران بە چەند تاکتیکێک تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرایکردووە، هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەمجارە ئێران بە چەند تایبەتمەندی و تاکتیکێک بەدوای تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەگەڕێت.

ئاژانسی هەواڵی فارسی سەربە سوپای پاسداران رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن چەند سەرچاوەیەکی سەربازی دەست ئاژانسەکە کەوتووە، ئێران دەیەوێت بە چەند قۆناغ و تاکتیکێک تۆڵەی خۆی لە ئیسرائیل بکاتەوە.

ئاژانسەکە لە چەند خاڵێکدا تاکتیکەکانی ئێرانی خستووەتەڕوو:

یەکەم: تاکتیکی ئێران ئەوەیە رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوە رازیبکات، بەو مانایایەی ئەم تۆڵەسەندنەوەیە وەک ئەوانەی رابردوو شاراوە نابێت، رای گشتی وردەکاریی هێرشەکان دەزانێت.

دووەم: ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە تابلۆیەکی تەواو ئێرانی دەبێت، راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە هێرشەکە ئەنجامدەدرێت و پشت بە گرووپە بە وەکالەتەکان نابەسترێت.

سێیەم: تۆڵەسەندنەوەی ئەمجارەی ئێران بەئامانجی دروستکردنی رێگرییە، واتە گەیاندنی پەیامەکە هەندێجار گرنگترە لە توندیی تۆڵەسەندنەوە.

چوارەم: چڕی و جۆری ئۆپراسیۆنەکانی ئێران بە جۆرێک دەبن کە نابنەهۆی راکێشانی ئێران بۆ شەڕێکی ناوچەیی یان تێوەگلانی ئەمریکا، بێگومان ئەم بەئامانجگرتنە بەو مانایە نییە کە ئۆپراسیۆنەکانی تۆڵەسەندنەوە بەئازار نین یان ئێران ئامادەنییە بۆ سیناریۆکانی.

پێنجەم: ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە چەند قۆناغێک دەبێت، ئەم هەنگاوانە ئێستا لەسەر مێزی بڕیاردانی باڵای سوپای ئێران کورتدەکرێنەوە و یەکلاییدەکرێنەوە.

کاتژمێر 5:00ـی سەرلەئێوارەی یەکی نیسانی 2024، لە گەڕەکی مەزێی دیمەشق، کونسوڵخانەی ئێران بە فڕۆکەی ئێف 35ی ئیسرائیلی بە شەش مووشەک کرایە ئامانج بەوهۆیەوە 14 کەس کوژران، کە حەوتیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە ناویاندا دوو فەرماندەی باڵا بە ناوەکانی محەمەد رەزا زاهیدی،فەرماندەی باڵای سوپای قودس  و محەمەد هادی حاجی رەحیمی فەرماندەی دیاری ناو سوپاکە هەبوو.

رووداوەکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و دوای هێرشەکە بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکرد، هێرش بۆسەر باڵەخانەی کونسوڵخانەکە پەیامێکی روونی تەلئەڤیڤە بۆ تاران،  هێرشەکەش بە وەکالەت نییە، بەڵکو هێرشێکی راستەوخۆیە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش، زۆرینەی وڵاتان ئیدانەیان کرد، ئەمریکاش لە زاری گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکە نەبوون و بەرپرسیارێتییەکەشی هەڵناگرن.