وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کارتی نیشتمانی بنەمای مامەڵەی فەرمانگەکان دەبێت

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرت، مانەوە و باری شارستانیی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا کارتی نیشتمانی دەکرێت بە بنەما بۆ سەرجەم مامەڵە فەرمییەکان لە فەرمانگەکانی عێراقدا.

نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرت، مانەوە و باری شارستانیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، هەماهەنگیی پێشوەختە هەیە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی، پلاندانان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەمەودوا کارتی نیشتمانی وەک بنەمای سەرجەم مامەڵەکان بەکاربهێنرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرت، مانەوە و باری شارستانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بنەمای حکومەتی ئەلیکترۆنی کارتی نیشتمانییە، چونکە زانیارییەکانی ورد و دروستن، جگەلەوەی خوێندنەوەی دەموچاو، چاپی چاو و پەنجەمۆری تێدایە و بەئاسانی هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەیەوە خۆیان بە فەرمانگەکان بناسێنن.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ ئەم پرۆژەیەیان بە لەپێشینە داناوە و گرنگییەکی زۆری پێدەدەن، دەشڵێت، فەرمانگەکانمان توانای تۆمارکردنی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراقیان هەیە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەو پرۆسەیە.

پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی 1ـی نیسانی دیاریکردبوو وەک دوا وادە بۆ کارپێکردنی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی.

_