بایدن بۆ ئێران: هێرش مەکەنە سەر ئیسرائیل

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات تاران لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵی لێدان لە ئیسرائیل بدات، هۆشداریشی دایە ئێران هێرش نەکاتەسەر ئیسرائیل.

بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "نامەوێت لەبارەی زانیاریى نهێنییەوە هیچ ئاشکرابکەم، بەڵام پێشبینى دەکەم هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەپەلە و بێ دواکەوتن بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و پاڵپشتی دەکات و "ئێران سەرکەوتوو نابێت".

پێشتر جۆن کێربى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هەڕەشەکانى ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەى بۆردوومانى کونسوڵخانەى وڵاتەکەى لە دیمەشق راستەقینە و پشتڕاستکراون و ئەمریکا دەخوازێت هەموو هەوڵێکى خۆى بدات پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل".