کونسوڵخانەى هۆڵەندا لە هەولێر کارەکانى راگرت

کونسوڵخانەى هۆڵەندا لە هەولێر.

بەهۆى ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەگەرى هێرشى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هۆڵەندا کارەکانى نوێنەرایەتییەکەى لە هەولێر راگرتووە و باڵیۆزخانەکەشى لە تاران دادەخات.

حکومەتى هۆڵەندا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، وەک خۆپارێزییەک و بەهۆى ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەگەرى هێرشى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە رۆژى یەکشەممەوە، بە کاتى کارەکانى نوێنەرایەتییەکەى لە هەولێر رادەگرێت و باڵیۆزخانەکەشى لە تاران دادەخات.

رونیشیکردووەتەوە، وەزارەتى دەرەوە رۆژى یەکشەممە بڕیاردەدات لەکردنەوە یاخود بەردەوامى داخستنى نوێنەرایەتییەکانى و ئەو کەسانەشى کاتیان هەبووە بۆ داواکردنى ڤیزاى گەشتکردن بۆ هۆڵەندا ئاگاداردەکرێنەوە.

حکومەتى هۆڵەندا راشیگەیاندووە، داخستنى کاتى، خزمەتگوزارییەکانى ڤی، ئێف، ئێس گڵۆباڵ لە تاران و هەولێر ناگرێتەوە.

لەگەڵ پەرەسەندنى ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ژمارەیەک لە وڵاتى جیهان داوایان لە هاوڵاتیانیان کردووە سەردانى ئێران و ئیسرائیل نەکەن، ژمارەیەک هێڵى فڕۆکەوانیش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران راگرتووە.