کتێبێکی نوێ بۆ گەزیزە عومەری هونەرمەند بڵاودەکرێتەوە

کتێبێکی نوێ، سەبارەت بە رووداو و بەسەرهاتە شانۆییەکانی ژیانی خانمە هونەرمەندی شانۆکاری کورد، گەزیزە عومەر، چاپ و بڵاودەکرێتەوە و لە ستایشی ئەم خانمەدا، تیشک دەخاتە سەر ئاڵنگاریی و ژیانە تایبەتییەکەی.

کتێبی "کلوەبەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن"، نوێترین کتێبی خانمە هونەرمەندی شانۆکار، گەزیزە عومەرە، کە بڕیارە بەم نزیکانە، لەلایەن ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیریی "کارۆ"، هاوتای بەخشینی خەڵات و رێزلێنان، بڵاوبکرێتەوە.

بە گوتەی عەتا مەحمود، بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیریی کارۆ، "ئامادەکارییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەستیانپێکردووە و لە چوارچێوەی مەراسیمێکی تایبەتدا، دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران"، ئاماژەی بەوەش دا؛ کتێبەکە، نووسین، هەڵەچنی و دیزاینکردنی ناوەڕۆک و بەرگی تەواو بووە، ژمارەی سپاردنی بۆ وەرگیراوە و لەم هەفتەیەدا، بە تیراژی 500 کتێب، دەست بە چاپکردنی دەکرێت.

کتێبی کلوەبەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن، بەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانی گەزیزە عومەرە، گوڵبژێرێکە لە بەسەرهاتی جۆراوجۆر، کار لەسەر هەستە جیاوازەکانی خوێنەر دەکات، نۆستاڵجیا بەردەوامییەکی بەردەوامی لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبەدا هەیە، لە دونیای رەونگاورەنگی گەزیزەدا خوێنەر خۆی دەبینێتەوە، دونیایەک، بە چیرۆکەکانی خۆی و خێزانەکەی لە سلێمانی و تەوێڵە، رازێنراوەتەوە و باس لە بەسەرهاتەکانی شانۆ دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، گەزیزە، وەکو شەشەم براوەی خەڵاتی کارۆ، بەناونیشانی "عەبدولڕەحیم رەحمی هەکاری" دیاریکرا و لەسایەی ئەم ستایشەدا، خەڵاتێکی تایبەتی بۆ تەرخاندەکرێت و کتێبەکەی بۆ چاپدەکرێت.

عەتا مەحمود بە کەناڵ8ی گوت، "خەڵاتی کارۆ، کە تایبەتە بە گەزیزە، لە وڵاتی سوید لەسەر دەستی هونەرمەند شوان کەمال دروستکراوە، ئێستا ئامادەیە و لەچوارچێوەی مەراسیمێکی تایبەتدا و پاش تەواوبوونی چاپکردنی کتێبەکە، دەبەخشرێن بە خانمە هونەرمەندەکە"، ئاماژەی بەوەش دا؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا، کات و شوێنی مەراسیمەکە ئاشکرادەکرێن.

هەڵبژاردنی گەزیزە عومەر، وەکو براوەی خەڵاتی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری کارۆ، لە سایەی هەڵسەنگاندن و پێوەری بۆردی راوێژکاریی بووە، کە لە سێ هونەرمەندی نەوەی جیاوازی کورد پێکهاتووە، ئەوانیش: د. نیگار حەسیب قەرەداغی، دێرین حامید و حەمە سوار عەزیز.