ئیسرائیل دەوامی سەرجەم قوتابخانەکانی رادەگرێت

سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەسبەى یەکشەممەوە دەوامی سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن لەسەرانسەرى ئیسرائیل رابگرن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشە تۆڵەسێنییەکەى ئێران لەبەرامبەر کوژرانى بەپرسەکانى لە سووریا.

دانیال هەگارى، گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل،رایگەیاند، لەکۆتایی پشووى هەفتەدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخ و ئەو پلانەى ئێران بۆ هێرشکردنەسەریان دایڕشتووە.

دوای هێرشەکەى تەلئەڤیڤ، بۆسەر کونسوڵخانەى تاران لە دیمەشق و کوژرانى دوو جەنەراڵى سوپاى پاسداران و ژمارەیەک گەورە بەرپرسى سەربازى ئەو وڵاتە، تاران بڕیاریدا تۆڵەى کوژرانى فەرماندە سەربازییەکانى لە ئیسرائیل بکاتەوە.

گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاماژەى بەوەشکرد، "سوپاى ئیسرائیل، بەهەموو شێوەیەک و بەبەهێزییەوە ئامادەیە، بۆ بەرگرى لەهەر هێرشێک".

گوتیشى: "سەرجەم سیستمە بەرگری و هێرشییەکانى سەربە هێزى ئاسمانى لە حاڵەتى ئامادەباشى تەواودان، دەیان فڕۆکەى جەنگیش بەردەوام بە ئاسمانى وڵاتەکەیانەوە دەسووڕێنەوە".

لەکاتەکانى سەرەتاى رۆژى شەممە، کۆمارى ئیسلامى ئێران، کەشتییەکى بازرگانى لە گەرووى هورمز دەستبەسەردا گرت و دوای ئەوەش ئاشکرابوو، کەشتییەکە خاوەندارێتى دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانێکى بەناوبانگى ئیسرائیلى.