شاخەوان عەبدوڵڵا: هەنگاو نراوە داواکارییەکانى پارتى لە بارەى هەڵبژاردنەوە جێبەجێبکرێت

شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە، رایگەیاند، کاتێک هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، سەرجەم لایەنەکان بەشداریى تێدا بکەن".

راشیگەیاند "تێبینییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لەبارەى هەڵبژاردنەوە تێبینى جددین و تایبەتن بە گەلى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى".

گوتیشى: "بەبێ بەشداریى پارتى، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناکرێت و ئەو راستییەش سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لە بەغداد درکیان پێکردووە بۆ ئەوەى تێبینییەکانى بەهەند وەربگیرێت.

جەختى لەوەشکردەوە، هەنگاو هەیە بۆ ئەوەى داواکارییەکانى پارتى جێبەجێبکرێن و دواتر هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 18ی مانگی رابردوو، لەپاش کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییەکەی، پارتی دیموکراتی کوردسان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتییە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەهەرێمدا پێشێلکرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە پێشێلكردنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێمە لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەرێم".

پارتی لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بڕیاری نادەستوریی و سیستمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".