ئەندامێکى شاندى عێراق لە ئەمریکا: لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهاى دینار بەرزدەبێـتەوە

ئاڵوگۆڕى دۆلار لە بازاڕەکان. فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

ئەندامێکى شاندەکەى حکومەتى عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینیدەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهاى دینار بەرزببێتەوە".

عائید هیلالى، ئەندامى شاندى حکومەتى عێراق لە ئەمریکا راشیگەیاند "عێراق هەنگاوی گەورەی ناوە لەبواری چاکسازی داراییدا، ئەوەی حکومەت لەرووی کردنەوەی مەلەفی گەندەڵی کۆنترۆڵکردنی دۆلارەوە کردوویەتی، هەمووی لەلایەن ئەمریکاوە لەبەرچاو گیراوە".

هەروەها ئاماژەى بەوەکردووە "لە قۆناغی داهاتوودا ئەمریکا یارمەتی عێراق دەدات بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار کە شاهیدى بەرزبونەوەى بەهاى دینار دەبین لە چەند رۆژى داهاتوودا".

هاوکات، ئەوەشى دووپاتکردەوە، وەزارەتى گەنجینەی ئەمریکا هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی لە پەرەپێدانی کەرتی بانکیدا بەرز نرخاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەى هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانکە ئەهلیەکانی عێراق دەرنەچووە، کە لەلایەن گەنجینەى ئەمریکاوە سزادراون و ناتوانن مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە 14ى نیسانەوە لەگەڵ شاندێکى باڵا لە ئەمریکایە و داوایان کردووە سزاى 28 بانکى عێراقى لەلایەن گەنجینەى ئەمریکاوە لاببرێت، بەڵام ئەمریکا وەڵامێکى یەکلاکەرەوەى نەداوەتەوە بە عێراق.