شاندى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی رادەستکردنی داهاتێک بە بەغداد دەدات

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵ8ی راگەیاند، شاندى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد، ئامادەیی دەربڕیوە داهاتە فیدڕاڵییەکان رادەستى بەغداد بکات.

شاندەکەى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرى گشتیى ژمێرکارى و خەزێنەکان و لەگەڵ شاندێکى ژمێرکاریى وەزارەتى دارایى عێراق پرسى داهاتى ناوخۆى دوو مانگى سەرەتاى ئەمساڵ تاوتوێدەکەن.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8 کە لەسەرچاوەیەکى وەزارەتى داراییەوە دەستى کەوتوون، شاندەکە ئامادەییان دەربڕیوە داهاتى فیدڕاڵیى مانگەکانى کانوونى دووەم و شوبات، کە بڕەکەى نزیکەى 225 ملیار دینارە بۆ هەردوو مانگەکە، بخەنە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى عێراق لە بانکى ناوەندیى عێراق لقى هەولێر.

هەروەها شاندەکە ئەوەى دووپاتکردووەتەوە، کە کۆى داهاتى ئەو دوو مانگە 705 ملیار دینار بووە نەک 905، ئەو 200 ملیار دینارە ئەمانات بووە و بە داهات دانراوە.

هاوکات، ئەو 705 ملیار دینارەى داهاتى نانەوتى بڕى 195 ملیار دینارى چەک و مەقاصەیە و تەنیا بڕى 510 ملیار دینارى کاش بووە.

شاندەکە ئەوەى دووپاتکردووەتەوە، کە حکومەت مانگانە بڕى 180 ملیار دینار خەرجیى کارەبا و پێداویستییەکانى دیکە دابیندەکات، بەشێکى ئەو داهاتەش بۆ مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2024 بۆ تەواوکاریى مووچە خەرجکراوە.

لەبەرامبەردا، شاندى وەزارەتى دارایى عێراق ئەوەیان پێ راگەیاندوون، بەگوێرەى یاساى کارگێڕى دارایى (قانون الادارە المالیە) داوایانکردووە کە سەرجەم داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى عێراق و ئەوەى پشکى بەغداد بێت لێى دەردەکرێت و ئەوى دیکەى دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەى ئەو سەرچاوەیەى لەوەزارەتى داراییەوە قسەى بۆ کەناڵ8 کرد، کێشەى داهاتى ناوخۆ چارەسەر دەکرێت، چونکە پرسێکى ژمێرکارییە و بەغدادیش لەوە تێدەگات، کە هەرێمى کوردستان چەندین فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى هەیە و خەرجییان دەوێت.