بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزتر دەبێتەوە

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

گوتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند "بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزدەبێتەوە و پێشبینیدەکەم بەهاى 100 دۆلار بگاتە 142 هەزار دینار".

جەبار گۆران، گوتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى ئاماژەى بەوە کرد "خواست لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە و بەهاى دینار زیاتر بەرزدەبێتەوە بەرامبەر دۆلار و چاوەڕواندەکرێت تا 142 هەزار دینار بێت، بەڵام نایاتە خوار 140 هەزار دینار".

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، کە دەرهاویشتەى سەردانەکەى سودانى بۆ واشنتن کاریگەرى لەسەر بەرزکردنەوەى بەهاى دینار هەبووە بەرامبەر دۆلار کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا زۆربەى پرسى ئابوورى بووە.

گوتیشى "سەردانى ئەردۆغان بۆ عێراق کاریگەرى هەبووە کە سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکانیان کردووە بە دراوى نیشتمانى، واتا بازرگانێکى عێراقى دینار دادەنێت لەبانکدا و لە تورکیا لیرە وەردەگرێتەوە بۆ کارى بازرگانى، کە روونە مامەڵەى بازرگانیان نزیکەى 15 ملیار دۆلارە".

هاوکات، ئەوەشى دووپاتکردەوە، کە بانکى ناوەندى عێراق داواى لە سەرجەم بازرگانەکان کردووە لە بانکى ناوەندى دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە، بۆیە ئەو بژاردەیە هەبێت بازرگانان ئامادە نین لەبازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو دۆلار بکڕن.