عەمار حەکیم لە دیدارى سلێمانى: ئێران لە خاکى خۆیەوە هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل

وتارى عەمار حەکیم لە هەشتەمین دیدارى سلێمانى.

عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە رایگەیاند "ئێران لە خاکى خۆیەوە هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل".

لەمیانەى پیشکەشکردنى وتارێک لە دیدارى سلێمانى، عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە ئاماژەى بەوە کرد "لەگەڵ ئەوەدا نیین خاکى عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان".

گوتیشى "لە قۆناغى بنیاتنانى سیستمى بەرگریی عێراقداین".

جەختیشیکردەوە "کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانان لە ئەجێنداى سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمریکا نەبووە".

لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش، عەمار حەکیم جەختیکردەوە "پێدانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەردەوامدەبێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەشتەمین دیداری سلێمانی بە سپۆنسەری کەناڵ8 و بە بەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایەنێت.

دیدارەکە بە سپۆنسەرى سەرەکى کەناڵ8 دەبێت، لەژێر ناوى "ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" و تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوتوێی پرسە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان دەکەن.

پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانى دیدارەکە و گفتوگۆى چڕى لەبارەوە دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گرفتەکانى کەمبوونەوەى ئاو و چۆنیتی رووبەڕووبونەوەی لەلایەن وڵاتان، لە دیدارەکەدا تاوتوێدەکرێن و جەخت لە رێکارەکانى بەردەم پاراستنى ژینگە لە نێوان وڵاتان دەکرێنەوە.

لە دیدارەکەدا پانێلى، سیاسیی، ئابوورى و ژینگەیی لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسى باڵاى عێراق و هەرێمى کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەک لە شارەزا و ئەکادیمیستە جیهانییەکان پێشکەش دەکرێن.

دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە گەورەترین دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان، یەکەمین دیدارى گەورەى سیاسەتە لە عێراق کەتیایدا سیاسییەکان، توێژەران، چالاکوانان و رۆژنامەنوسان، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداریى تێدا دەکەن.