ئەندامێکى شاندى عێراق لە ئەمریکا: لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهاى دینار بەرزدەبێتەوە

بەهای دینار . فۆتۆ: كەناڵ8

ئەندامێکى شاندى حکومەتى عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینیدەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهاى دینار بەرز ببێتەوە".

عائید هیلالى، ئەندامى شاندى حکومەتى عێراق لە ئەمریکا راشیگەیاند، "عێراق هەنگاوی گەورەی ناوە لەبواری چاکسازیی داراییدا، ئەوەی حکومەت لەرووی کۆنترۆڵکردنەوەی مەلەفی گەندەڵی دۆلارەوە کردوویەتی، هەمووی لەلایەن ئەمریکاوە لەبەرچاو گیراوە".

ئاماژەى بەوەکردووە، کە "لە قۆناغی داهاتوودا ئەمریکا یارمەتی عێراق دەدات بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار و لە چەند رۆژى داهاتوودا بەرزبوونەوەی بەهاى دینار دەبینین".

هاوکات، ئەوەشى دووپاتکردەوە، وەزارەتى گەنجینەی ئەمریکا هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی لە پەرەپێدانی کەرتی بانکیدا بەرز نرخاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەى هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانکە ئەهلییەکانی عێراق دەرنەچووە، کە لەلایەن گەنجینەى ئەمریکاوە سزا دراون و ناتوانن مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە 14ى نیسانەوە لەگەڵ شاندێکى باڵا لە ئەمریکایە و داوایانکردووە سزاى 28 بانکى عێراقى لەلایەن گەنجینەى ئەمریکاوە لاببرێت، بەڵام ئەمریکا وەڵامێکى یەکلاکەرەوەى نەداوەتەوە بە عێراق.