پوتن: ئەگەری زۆرە پەتای نوێ سەرهەڵبدات!

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا..فۆتۆ: AP

سەرۆکی روسیا دەڵێت ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای نوێ زۆرە و ئامادەیی وڵاتەکەی پیشاندەدات بۆ هاریکاریی وڵاتان لە کەرتی خۆپاراستنی تەندروستیدا.

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لە پەیامێکیدا بۆ ئامادەبووانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی رووسیا-ئەفریقا تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، دەڵێت "هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانی پەتای نوێ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەترسیدار لە جیهان بە گشتی و ئەفریقا بەتایبەتی بەرزە، ئەمەش پێویستی بەوەیە پەلە بکرێت لە پەرەپێدانی توانا پزیشکی، زانستی و تەکنۆلۆجییەکان بۆ پاراستنی خەڵک لە نەخۆشییە گوازراوە جیاجیاکان".

لە درێژەی پەیامەکەیدا پوتن هەروها دەڵێت "روسیا لای خۆیەوە ئامادەیە چالاکانەتر هاریکاری بکات لە بابەتی خۆپاراستنی تەندروستیدا".

پوتن دەڵێ وڵاتەکەی ساڵی رابردووش بەرنامەی هاریکاریی وڵاتانی ئەفریقای هەبووە لە بواری خۆپاراستنی تەندروستی و پەتاگەریدا و لەو چوارچێوەشدا بڕیاری فەراهەمکردنی 10 تاقیگەی مۆدێرنی بایۆلۆجی و راهێنانی 350 پسپۆڕی ئەفریقایی و چەندین توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان روسیا و وڵاتانی ئەفریقا دراوە.

کۆنفرانسی یەکەمی روسیا- ئەفریقا تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە رۆژانی 17 تاوەکو 19ی نیسان لە ئۆگەندا بەڕێوەدەچێت و تێیدا جگە لە رووسیا و ئۆفیسی ئەفریقای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 13 وڵاتی ئەفریقا بەشدارن.