وەزیری دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل هێرشمان بکاتەسەر پەشیمانى دەکەینەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڕەشەی ئەوەى کرد ئیسرائیل "پەشیمان دەبێتەوە" ئەگەر هەر هێرشێک بکاتەسەر وڵاتەکەى.

عەبدوڵاهیان لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، رێوشوێنە رەواکانی بەرگریی لەخۆکردن و کردەوەی تۆڵەسەندنەوە کە لەلایەن ئێرانەوە گیرایەبەر کۆتاییهاتووە، بۆیە دەبێت "قەوارەی تیرۆریستیی ئیسرائیل" هەر سەرکێشییەکى سەربازیی دیکە لەدژی بەرژەوەندییەکانیان رابگرێت.

گوتیشى، "ئەگەر قەوارەی ئیسرائیلی هێز بەکاربهێنێت و سەروەری ئێمە پێشێلبکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت بۆ ساتێکیش درێغی ناکات لەگرتنەبەرى مافە رەواکانى خۆی و وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و شیاوانە بۆ ئەوەی قەوارەکە پەشیمان بێتەوە لە کارەکانی".

تاران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هێرشێکی راستەوخۆی بێپێشینەى کردەسەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامى وێرانکردنی بارەگای کونسوڵگەرییەکەی بوو لە دیمەشق لە یەکی نیساندا.

هێرشەکە شەوی شەممە بوو، کاتێک تاران زیاتر لە 350 مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد، حکومەتى تەلئەڤیڤ رایگەیاند، بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی توانیوویەتی نزیکەی هەموویان پوچەڵبکاتەوە و تەنیا زیانێکی سنووردار هەبێت.

لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێراندا، ئیسرائیل رایگەیاند، مافى خۆپاراستنى هەیە بۆ ئەوەى وەڵامی تاران بداتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی کاتی وەڵامدانەوە و ئامانجە گریمانەکراوەکان، یان ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکات.