لە بەغداد دەنگى تەقینەوە بیسترا و حەشدى شەعبى بارەگاکانى چۆڵکرد

شارى بەغداد

لەناوچەى بەسمایەى بەغداد، دەنگى تەقینەوە بیسترا و سەرچاوەیەکى حەشدى شەعبی بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەگەرى بۆردوومان هەیە و بارەگاکانیان چۆڵکردووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى بەرزاد مەلا ئەمین، پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد، ئەمشەو دەنگى تەقینەوە لە ناوچەى بەسمایەى شارى بەغداد بیستراوە و ژمارەیەک فڕۆکەى بێفڕۆکەوانیش بەسەر ئاسمانى بەغداد و ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە حەشدى شەعبى بە کەناڵ8ـى گوت، زۆربەى بارەگاکانیان چۆڵکردووە و مەترسى بۆردوومانکردنیان هەیە.

میدیاى عێراقیش بڵاویانکردووەتەوە، هەروەها دەنگى ژمارەیەک تەقینەوە لە پارێزگاى بابل بیستراوە.

لاى خۆشیانەوە میدیاکانى سووریا ئاشکرایانکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل فڕۆکەخانەى "سەعلە"یان لە سویدا کە دەکەوێتە باشوورى سووریا بۆردوومانکردووە.