لە سلێمانى ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی تەقییەوە

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: کەناڵ8

لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنار لە سلێمانى، تەقینەوەیەک روویدا، سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە و لەگەڵیدا زیان بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکە گەیشتووە.

دژەتیرۆرى کوردستان لەسلێمانى راگەیەندراوێکى لەبارەى رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێک لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنار لە سلێمانى بەردەوامە.

دژەتیرۆرى کوردستان لە سلێمانی، ئەوەشى خستووەتەڕوو، دوایین ئەنجامى لێکۆڵینەوە و دروستیی رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بڵاودەکرێتەوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەرى فریاکەوتنى خێرای سلێمانى بەکەناڵ8ى راگەیاند، هیچ بریندارێکى رووداوى تەقینەوەکە لە سلێمانى نەگەیەندراوەتە نەخۆشخانەکان.

پەیامنێرى کەناڵ8 لەشوێنى رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنارى شارى سلێمانى بووە و ئۆتۆمبێلێک لەکاتى پارککردن تەقیوەتەوە و دوو ئۆتۆمبێلی دیکە لەنزیکى رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.