ئەو ساتەی وێڵ سمێس زلەی لە کریس رۆک-دا

دوای زللـەکەی ئۆسکار.. تیمەکەی وێڵ سمێس هەموو هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی دەدات

وێڵ سمێس، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی، لە ئێستادا ئامادەیە بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو مشتومڕەی کە دوای زللـەکەی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانیی ئۆسکار لە ساڵی 2022ـدا دروست بوو، کە بووە هۆی ئەوەی لەلایەن سینەماکارانی هۆلیوودەوە کارکردن لەگەڵ ئەو هونەرمەندە رەت بکرێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "The Sun"، ئەو هونەرمەندە کە لەگەڵ Bad Boys 4ـدا دەگەڕێتەوە بۆ شاشەی سینەماکان، وابڕیارە چیرۆکێکی تایبەت بە ئۆسکار ئامادە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، تیمەکەی سمێس کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی بانگەشەیەکی گەورەیی پەیوەندییەکان، بەجۆرێک بە نیازە بەر لە نمایشی فیلمەکەی لە ژمارەیەک پرۆگرامیی گفتوگۆیی گەورەدا دەربکەوێت و بابەتەکان روون بکاتەوە.

لەبارەی ئەو کارەشەوە ئاماژە بەوەکراوە، ئەم فیلمە بە گەڕانەوەی گەورەی ویڵ سمێس و تیمەکەی دادەنرێت، کە بەیەکەوە هەوڵدەدەن بە باشترین شێوە دەریبخەن.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، "واچاوەڕوان دەکرێت وێڵ بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ بابەتی ئەو زللـەیەدا مامەڵە بکات، هەروەها باس لە چۆنییەتی گۆڕانی دەکات لەو کاتەوە"، هەروەها واچاوەڕوان دەکرێت کە باس لە هاوسەرگیریی لەگەڵ جادا بکات، کە شەش ساڵ بەر لە ئێستا بە نهێنی جیابوونەوە.

لە دوای ئەوەی وێڵ سمێس لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا زللـەیەکی لە کریس رۆکی هاوڕێی دا، جادا بینکت سمێس ئاشكرایکرد، ئەو رووداوە هاوسەرگیرییەکەیانی رزگارکردوە.

رووداوی زللـەکەش دوای ئەوە بوو، کە کرێس رۆک نوکتەیەکی لەبارەی قژی جادا بینکتەوە گوت، ئەمەش وێڵ سمێسی بەڕاددەیەکی زۆر تووڕە کرد، دوای ئەو رووداوەش وێڵ لە چەندین بۆنەدا داوای لێبووردنی کرد، تەنانەت لە ئەکادیمیاکەش کشایەوە، دواتر بۆماوەی 10 ساڵ لە هەموو چالاکییەکانی ئەکادیمیاکە دوورخرایەوە.

وێڕای لایەنە خراپەکانی ئەو رووداوەش، جادا سمێس گوتوویەتی، ئەو رووداوە وایکردووە بڕیار بدات لەگەڵ سمێسدا بمێنێتەوە، وێڕای ئەوەی بیریان لە جیابوونەوە کردووەتەوە، تەنانەت ئەو زللـەیەی بە "زللـەی پیرۆز" ناوبردووە، چونکە چەندین شتی ئەرێنی بەدوایدا هاتووە.