مێسی.. سەگە باش و ژیرەکەی ئۆسکار زنجیرەی تەلەفزیۆنیی بۆ بەرهەمدەهێنرێت

مێسی، سەگە باش و ژیرەکەی فیلمی "Anatomy of a Fall"، دەبێت بە خاوەنی زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیی تایبەت بە خۆی.

مێسی، کە سەگێکی بەناوبانگە لە فیلمی ئاناتۆمی ئۆف ئە فۆڵ، ئەو فیلمەی توانی ببێت بە براوەی خەڵاتێکی ئۆسکار، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیی تایبەتی بۆ بەرهەمدەهێنرێت و هەوادارەکانی چاوەڕوانی بینینەوەی دەکەن.

مێسی لەماوەی رابردوودا و لەمیانی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، ئەم سەگە، کورسی تایبەتی بۆ تەرخانکرابوو، هاوشێوەی میوانەکانی دیکە، رازێنرابۆوە و لەلایەن ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جووڵاوەوە ستایشێکی گەورە کرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، زنجیرەکەی مێسی سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەم سەگە دەبێت لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بەناونیشانی: "فێستیڤاڵی کان لە گۆشەنیگای سەگێکەوە".

ئاماژە بەوەش دراوە، زنجیرەکە، بەرهەمێکی کورت دەبێت و ماوەی هەر ئەڵقەیەکی هەشت خولەک دەبێت، رۆژانە لەسەر تۆڕی میدیایی فەڕەنسا بڵاودەکرێتەوە و رێکەوتی 13ی ئایار پەخشکردنی دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی فێستیڤاڵی کان بەردەوام دەبێت.

مێسی، کە بە جۆرج کلوونی سەگیش ناسراوە، لە زنجیرەکەدا کارەکتەری سەرەکیی دەبێت و فێستیڤاڵی کان بەسەردەکاتەوە، دەنگەکەی لەلایەن رافایەل مێزراحییەوە بۆ ئەنجامدەدرێت، ناوەڕۆکی زنجیرەکەش، سەبارەت بە پرسیارگەلی ئەم سەگە بەناوبانگەیە بەرامبەر بە ئامادەبووانی ئاهەنگ و مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتە سینەماییەکان.

زنجیرەکە لەلایەن کۆمپانیای تیکتۆکەوە سپۆنسەر دەکرێت، کە بە قۆناغێکی وەرچەرخێنەر دادەنرێت لە ستایشکردنی کاری ئاژەڵان لە سینەمادا و مێسی وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگداری سینەما دەناسێنێت، کە لەماوەی رابردووشدا، توانی ببێت بە براوەی خەڵاتی نافەرمی چڵەخورمای سەگی کان.

مێسی ساڵی 2016 لەدایکبووە، هەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسییە، خاوەنی چەند خەڵاتێکی سینەماییە و یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی فیلمی ئاناتۆمی ئۆف ئە فۆڵ، کە توانی لەمیانی دیارترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمدا، سەرنجی زۆرینەی بینەران رابکێشێت و ببێت بە براوەی دەیان خەڵاتی دیاری سینەمایی.