وادەی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا بۆ ساڵی 2025 دیاری کرا

ئەکادیمیای بەریتانیا وادەی بەڕێوەچوونی خەڵاتەکانی بافتا بۆ ساڵی 2025 دیاریکرد، کە دەکاتە ڕۆژی 16ـی شوبات.

ماڵپەڕی "variety" لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی وادەکەی بێت خەڵاتە دوو هەفتە پێش خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەدەچێت کە  دەکاتە رێکەوتی دووی ئازاری 2025.

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی فیلمەکان بە سێ خول دەبن: لیستی درێژ، پاڵێوراوان و براوەکان، کە لەلایەن ئەندامانی ئەکادیمیای جیهانی فیلمەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەوانیش زیاتر 7800 ئەندامن.

لە ساڵی 2024ـدا ئاهەنگی خەڵاتەکانی بافتا لە هۆڵی فێستیڤاڵی شاهانەی لەندەن لە 18ـی شوباتدا بەڕێوەچوو، باشترین فیلمە نیشتمانیی و بیانییەکانی ساڵی 2023 دیاری کران.

فیلمی “Oppenheimer” بووە براوەی زۆرترین خەڵاتەکانی بافتا، ئیما ستۆن خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بەدەستهێنا، سیلیان مێرفی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستهێنا و کریستوفر نۆلان خەڵاتی باشترین دەرهێنانی بەدەستهێنا.

خەڵاتەکانی بافتا کە بە یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بواری فیلم دادەنرێت لە دەرەوەی ئەمریکادا، لە ئەمساڵدا بە تێکڕا سێ ملیۆن بینەری هەبووە لەسەر ئاستی بەریتانیا و لە کەناڵی BBC One دا، کە بەرزترین ئاماری بینەرە لە ساڵی 2020ـەوە.