وەزیرى بازرگانیى تورکیا ئەو رێککەوتنانە ئاشکرادەکات کە ئەردۆغان لەگەڵ عێراق واژوویان دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا. فۆتۆ: AP

عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاشکرایکرد، لە ماوەی رابردوودا هەناردەمان لەگەڵ عێراق 15 ملیار دۆلار بووە و ئامانجمانە لەدوای تەواوبوونی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە 2030 ئەو ژمارەیە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە.

بۆڵات ئاماژەی بەوەکرد، هەمیشە عێراق وڵاتێکی گرنگبووە لە رووی هەناردەوە بۆ تورکیا و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، لانیکەم 5٪ـی هەناردەی گشتیی تورکیا بۆ عێراق بووە و ساڵی پار عێراق لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدا بووە کە لە تورکیاوە هەناردەی بۆ کراوە.

وەزیری بازرگانی تورکیا باسی لەوەشکرد، لە 2022دا قەبارەی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا 24.2 ملیار دۆلار، لە 2023دا 19.9 ملیار دۆلار و لە سێ مانگی یەکەمی 2024دا هەناردە بۆ عێراق 3.4 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 لەسەدا 24.5 زیادیکردووە.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا قەبارەی هەناردەمان لەگەڵ عێراقدا 15 ملیار دۆلار بووە و ئامانجمانە لەدوای تەواوبوونی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە 2030دا ئەو ژمارەیە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە.

وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، لەمیانی سەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ عێراق، سێ رێککەوتننامە لەنێوان وەزیرانی بازرگانی هەردوو وڵاتدا واژوو دەکرێت و رێککەوتننامەکان بریتیدەبن لە "راگەیەندراوی هاوبەش لەبارەی دامەزراندنی لیژنەی هاوبەشی بازرگانیی و ئابووریی"، "پرۆتۆکۆڵی دامەزراندنی میکانیزمی هاریکاریی لەبواری ئاسایشی بەرهەم و رێگرییە تەکنیکییەکان لە بواری بازرگانی" و "یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزراوەی ئابووریی دەرەکی و ژوورە بازرگانییەکانی عێراق"ن. 

بۆڵات باسی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لەنێوان ساڵانی 2025-2029دا بنیات دەنرێت و کە ساڵی 2023دا رێگەی وشکانیی و ئاسنینی دەکەوێتە کار کە هەزار و 176 کیلۆمەتر درێژە.

لەبارەی کردنەوەی دەروازی سنووریی ئۆڤاکۆی، بۆڵات رایگەیاند: "ئەوە ئاشکرایە دەروازەی سنووریی خابور-ئیبراهیم خەلیل لە ئاستی پێویستیی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتدا نییە و بەشناکات. لەو چوارچێوەیەشدا بەمەبەستی کردنەوەی دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی-فیشابور، بەردەوامین لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق".