باڵیۆزى عێراق لە ئەنقەرە: عێراق و تورکیا رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى واژۆ دەکەن

ئاڵای عێراق و تورکیا

باڵیۆزى عێراق لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە سەردانەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى لە سەرجەم بوارەکان لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکرێت، بەتایبەتیش دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەڕێگەی تورکیاوە.

ماجد لەجماوى، باڵیۆزى عێراق لە ئەنقەرە، لەبارەى سەردانەکەى 22ى ئەم مانگەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق، راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، سەردانەکە دەبێتە مایەى چارەسەرکردنى تەواوى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بازدانێکى جۆریى گشتگیر دەبێت لە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات.

گوتیشى: "سەردانەکە واژۆکردنى رێککەوتنامەى چوارچێوەى ستراتیجى بەخۆیەوە دەبینێت، کە چەند مانگێکە لە بوارەکانى ئەمنى و ئابوورى و گەشەپێدان و ئاو و وزە کارى لەسەر دەکرێت، بەتایبەتیش پرۆسەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ بازاڕەکانی جیهان".

باڵیۆزى عێراق لە ئەنقەرە، ئاماژەى بەوەشکرد، سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ عێراق لە چوارچێوەى هەوڵەکانە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دێت، بەتایبەت کە ژمارەیەکى زۆر یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کراون، لەسەروو هەموویانەوە رێگەى گەشەپێدان و رۆڵى تورکیا لەو پرۆژە ستراتیجییە ژیارییەدا.

رۆژی 17ی ئەم مانگە سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پرسی ئاو و هەناردەی نەوت و گازی سروشتی ئامانجی سەردانەکەی دەبێت بۆ عێراق.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی کارنامەی سەردانەکەی بۆ عێراق پرسی ئاوە و کار لەسەر داواکارییەکانی عێراق دەکەن لەبارەی ئاوەوە و هەوڵدەدەن ئەو بابەتە چارەسەر بکەن لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

گوتیشی، "پرسی نەوت و گازی سروشتی یەکێکی دیکە دەبێت لە ئامانجەکانی سەردانەکەمان و هەوڵدەدەین کێشەکانی غازی سروشتی و هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا چارەسەر بکەین و بەم سەردانە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق دەخەینە سەر بنەمایەکی جیاواز".

لەبارەی سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، ئەردۆغان گوتی، "دوای سەردانەکەم بۆ بەغداد، لە گەڕانەوەمدا دەتوانین سەردانی هەولێریش بکەین و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێدا کۆببینەوە".

بڕیارە رۆژی 22ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای 12 ساڵ، جارێکی دیکە بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.