هەژمارى بانکیى مووچەخۆران، لەنێوان عێراق و هەرێمى کوردستان یەکلانەکراوەتەوە

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

گفتوگۆکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق لەبارەى کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، هێشتا بێئەنجامە و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى گوتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابوورییەوە ئەوەى راگەیاند، سوورە لەسەر کردنەوەى هەژمارى من بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کردووە، تیایدا داوایکردووە زانیاریی تەواوی کارمەندانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێردرێت، بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بەبانکیکردنی مووچەکانیان.

داواکە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاتووە، کە تیایدا هاتووە، بەبانکیکردن دەبێت لەڕێگای بانکەکانی حکومەتی عێراقەوە بێت، ئەوانیش بانکی بازرگانی عێراق یان بانکەکانی رەشید و رافیدەینن.

بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، کە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، داوای زانیارییە گشتییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، وەک ناوی چواریی، لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشان و ژمارەی پیشەیی.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە بەگوێرەی ئەم زانیارییانە، بانکە حکومییەکانی رەشید و رافیدەین یان بانکی بازرگانیی عێراق، هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و لەڕێگەیەوە مووچەی فەرمانبەران خەرجدەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان روژدە لەسەر بژاردەی "هەژماری من" بۆ دابەشکردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەتاوەکو ئێستاش بەغداد هەژمارى من رەتدەکاتەوە.