سودانی گەیشتەوە بەغداد و کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا هێنا

سەرۆکوەزیرانی عێراق فۆتۆ: پەڕەی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فەیسبووک

پاش کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتەوە بەغدادی پایتەختی عێراق.

رۆژی شەممە، 20ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاش ئەنجامدانی چەندین دیداری دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتەوە بەغدادی پایتەختی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە سەرجەم دیدارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی خستووەتەڕوو، ئاماژەیان بەوە کردووە کە سودانی لە گەشتەکەیدا لەسەر ئاستی باڵا، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و سیناتۆرەکان لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، کۆبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سودانی چەندین دیداری ئابووری لەگەڵ کۆمپانیا ناودارەکانی ئەمریکادا هەبووە، بەر لە گەڕانەوەشی لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس و میشیگان، چاوی بە ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی عێراقی کەوتووە.

لە سەردانە فەرمییەکەیدا، کە لە 13ی نیسانەوە دەستیپێکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامە و ئاژانسە ناسراوەکانی ئەمریکادا، لەوانە "واشنتن پۆست، وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، ئەلمۆنیتۆر، پی بی ئێس، سی ئێن ئێن" و چەندین ئاژانسی دیکەدا ئەنجامداوە.

سەردانەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ واشنتن لەسەر بانگهێشتى فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا بوو.

پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاندبوو "سودانى لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەى چەند تەوەرێک لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا دەکات و خاڵى گرنگى سەردانەکەى پەرەپێدانى کارى دارایی و بانکە لە عێراق".

ئاماژەى بەوەشکرد "لە ئەمریکا باس لە چەند تەوەرێک دەکرێت، گرنگترینیان هاوکاریی ئەمریکا بۆ باشترکردنى سیستمى دارایی و بانک لە عێراق و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لەو رووەوە".

راوێژکارەکەى سودانى سەردانەکەى بۆ داهاتووى ئابووریى عێراق بەگرنگ ناوبرد و گوتى "نەخشەرێگەیەکى دوورمەودا بۆ پەیوەندییەکانیان لە رووى ئابووریەوە دادەڕێژن".