وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: ماددەکانی سەبەتەی خۆراک گۆڕانی بەسەردا هاتووە

بەشەخۆراکی مانگانە

بەگوێرەی نووسراوێک کە لە کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکەوە لە بەغداد بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی هاتووە، ئاماژە بەوە کراوە "هەر هاونیشتمانییەک نیو کیلۆ کەمتر لە مانگەکانی رابردوو  برنجی دەدرێتێ".

لە نووسراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە دابەشکردنی بەشی سێیەمی سەبەتەی خۆراک بەسەر هاونیشتمانییان، ئەم مانگە بۆ هەر کەسێک بڕی دوو کیلۆ و نیو برنج دەدرێتە هەر هاونیشتمانییەک، واتە نیو کیلۆ کەمتر لە مانگەکانی رابردوو.

لە نووسراوەکەدا هاتووە "دۆشاوی تەماتە ئەم مانگە هەر هاونیشتمانییەک یەک قوتو دۆشاوی هەشت سەد غرامی دەدرێتێ لەبری بەشی سێهەم و چوارەمی خۆراک، چونکە هەر بەشەخۆراکێک هاونیشتمانی چوارسەد غرامی پێدەدرا، بەڵام ئەم مانگە قوتویەکی هەشت سەد غرامی پێدەدرێت لەبری دوو بەش.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکاتەوە لەکاتی سەردانیان بۆ لای بریکارەکانی خۆراک، ئەگەر دوو کیلۆ و نیو برنجیان پێدان، ئەوە بڕیارەکە لە بەغدادەوە هاتووە و پەیوەندی بەبریکارەکانی خۆراکەوە نییە.

چاوەڕێدەکرێت رۆژی دووشەممە، 22ی ئەم مانگە، دەست بە دابەشکردنی بەشی سێیەمی خۆراک بکرێت لە هەرێمی کوردستان و بەشی سێیەمی ئاردیش زیاتر لە هەفتەیەکە لە هەموو هەرێمی کوردستان دابەشکردنی دەستیپێکردووە.