درامای سەد ساڵ تەنیایی مارکیز بڵاودەکرێتەوە

یەکێک لە چاوەڕوانکراوترین دراما تەلەفزیۆنییەکان، لەسەر رۆمانێکی گابریێل گارسیا مارکیز، یەکەم ترەیلەری بڵاوکرایەوە و خوێنەرانی ئەم نووسەرە، هیوا بۆ سەرکەوتنی زنجیرەکەی دەخوازن.

کورتە زنجیرەی "سەد ساڵ تەنیایی" نووسەری دیاری کۆڵۆمبیا و جیهان، گابریێل گارسیا مارکیز، یەکەم ترەیلەری بڵاوکرایەوە و بە تێڕووانین لە دیمەن و گرتەکان، هەوادار و خوێنەرانی ئەم نووسەرە، هیوادارن هاوتای ناوەڕۆکی رۆمانەکە، زنجیرەکەش سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت.

زنجیرەکە، لە 16 ئەڵقە پێکهاتووە، یەکێکە لە چاوەڕوانکراوترین ئەو درامایانەی لە ئەمریکای لاتین بەرهەمهێنراون و بە زمانی ئیسپانی کارەکتەرەکانیان دەدوێن، بەگوێرەی پێشبینی رەخنەگرە سینەمایی و ئەدەبییەکان، دراماکە پێشبینی دەکرێت ببێت بە داستانێکی گەورە لەنێوان نەوە جیاوازەکانی کۆڵۆمبیا و خوێنەرە بەردەوامەکانی مارکیز.

بە گوتەیەکی رۆجەر ئیبێرت، گەورە رەخنەگری سینەمایی ئەمریکا، "بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی سەبارەت بە ناوەڕۆکی گێڕانەوەکانی مارکیز سەختە، دەرهێنانی چیرۆک بەبێ زمانی رەسەنی ئەم نووسەرە، خۆڵەمێشت بۆ جێدەهێڵێت و ئێسکەپەیکەرێکی بێدڵ دێتە دەرەوە".

تاوەکو ئێستا، رێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەم زنجیرەیە دیارینەکراوە، بەڵام کۆمپانیای نێتفلیکسی بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی زنجیرە و فیلمە سینەماییەکان، بەڵێنی پەخشکردنی دەدات و بانگەشەکانی دەستیانپێکردووە.