بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلێکى راگەیاند، کە ژمارەى ساختەى هەڵواسیوە و زیاتر لە شەش ملیۆن دینار پارەی کامێراکانی چاودێریی لەسەر بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی شۆفێرێک بۆ ماوەیەکی زۆر ژمارەیەکی ساختەی بە ئوتومبیلەکەیەوە هەڵواسیبوو و بەدەر لەکاری نایاسایی و سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ، زۆرترین کات بە تیژڕەوی شۆفێری کردووە لەناو شەقامەکان و مەترسی بۆ خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام دروستکردبوو، ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا گیرا.
روونیشکراوەتەوە، سەرجەم ئەو سزایانەی لەماوەی دوو ساڵدا بە ئۆتۆمبێلەکە ئەنجامی دابوون و بە بەڵگە لەسەری دووپاتکرایەوە، لەکۆی 58 سەرپێچی 56 سەرپێچییان (تیژڕەوی) بووە و بڕی شەش ملیۆن و 310 هەزار دیناری عێراقی لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی بوو، سەرەڕای ئەوە تاوەکو ئێستا ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و لە گەراجی دەستبەسەرداگرتنە.
هاتوچۆى سلێمانى باسى لەوەشکردووە، سەرەڕای سزا داراییەکان کە دەرهەق بەو سەرپێچییانەی ئەنجامی داوە، کاری یاسایی بۆ دەکرێت بەهۆی هەڵواسینی ژمارەی ساختە و هەندێک لەو رەفتارە نەشیاوانەی کە ئەنجامی داون و بەڵگەی تەواوی لەسەرە، بۆ ئەم مەبەستە رووبەڕووی بەشی یاسائی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەکرێتەوە.