/

براوەکانی خەلاتی لۆریۆس 2024 کێ بوون ؟

جوود بێلینگهام، یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، لە خەڵاتەکانی لۆریۆس 2024. فۆتۆ: AP

بە بەشداری چەندین کەسایەتی وەرزشی و یاریزان و راهێنەرە بەناوبانگەکانی بواری وەرزش، دوێنێ شەویش رێورەسمی دابەشکردنی خەلاتەکانی لۆریۆس2024  لە شاری مەدرید بەڕێوەچوو.

 خەڵاتەکانی لۆریۆس لە 1999 دانراوە بۆ تیمەکان و یاریزانەکان لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان، ئەمساڵیش فەرشی سووری رێورەسمەکە بێبەش نەبوو لە کەسایەتییە دڵخوازەکانی نێو بواری وەرزش.

نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی و ئەستێرەی تێنسی سەرزەوی، بۆ پێنجەمجار خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی پێدرا، کە ریکۆردەکەی لەگەڵ ڤێرشتاپن و مێسی و هالاند یەکسانکردەوە، جۆکۆ ئەمساڵ توانی ناسناوەکانی کراوەی ئوسترالیا و فەرەنسا و ئەمریکا بباتەوە و لە ماوەی کاروانی وەرزشی خۆیدا، خاوەنی 24 ناسناوی گراند سلامە.

نۆڤاک جۆکۆڤیچ، یاریزانی تێنسی سەرزەوی. فۆتۆ: AP

چاوەکان لەسەر جوود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید بوو، دوای بردنەوەیان لە کلاسیکۆ بەرامبەر بەرشلۆنە، خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پیاوان، کە دوای پەیوەندی کردنی بە یانەی شاهانە و لەم وەرزەدا توانیوویەتی 21 گۆڵ تۆماربکات.

" زۆر شانازی دەکەم کە ئەمڕۆ لەبەردەم زۆرێک لە یاریزان و کەسیاتییە وەرزشیە نایابەکانی جیهان وەستاوم، زۆر سوپاسگوزارم کە خەڵاتەکەشم بەدەستهێنا، بەراستی ساڵێکی نایاب بوو بۆ من، هەفتەیەکی شێتانە بوو، راستیتان پێ بڵێم زۆر هیلاکم، بەڵام من لەگەڵ مەدرید و ئینگلتەرا ساتی نایاب تۆماردەکەم بە تایبەت لە داهاتوودا."

جوود بێلینگهام، یاریزانی یانەی ریال مەدرید.

ئایتانا بۆنماتی، خانمە یاریزانی بەرشلۆنە، ساڵانە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی خەلاتەکان، کە توانی دوو خەڵات بەدەستبهێنێت بۆ باشترین خانمە یاریزانی ساڵ و هەروەها بردنەوەی جامی جیهانی خانمانی 2023 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا.

کەسایەتییە وەرزشییەکانی دیکەی وەک رافایل نادال و کارلۆس ئالکاراز و سایمۆنا بیڵس و ئاریسا ترو و دیدی دی گرووتیش بێبەش نەبوون لە وەرگرتنی خەڵاتەکە.

ئایتانا بۆنماتی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە. فۆتۆ: AP