ریال مەدرید ئەمشەو رووبەڕووی ریال سۆسیداد دەبێتەوە

کێبڕکێی گەورەکانی ئیسپانیا بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام هێشتا 18 خاڵ ماوە یانەکانی ریال مەدرید و بەرشلۆنە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیانی بۆ دەدەن، یانەی ریال مەدرید بە 11 خاڵ کەوتووەتە پێش بەرشلۆنە و لەسەر لێواری بەپاڵەوانبوون وەستاوە.

هەموو رێگەکانیش لەم وەرزەدا دەمانبەنەوە بۆ مەدرید، بەوپێیەی یانەی شاهانە لە سێ یاریی داهاتوویدا ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەرشلۆنە بچووکترین هیواشی بۆ نامێنێت و تەنانەت ئەگەر شەش یاریی داهاتووشی بباتەوە، ریال مەدرید هەر پاڵەوانە.

بۆ ئەوەی لەرووی ژمارەییەوە ناسناوی ئەم وەرزە بەدەستبهێنین، تائێستا کارێکی باشمان کردووە، دینامیکییەتی کارکردنمان زۆر گونجاوە و دەبێت بەهەمانشێوە خۆمان بۆ چامپیۆنزلیگیش ئامادەبکەین.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید.

ئەمشەو ئەنچیلۆتی یەکەم هەنگاو بەرەو پاڵەوانبوون بە یاریی ریال سۆسیداد دەنێت، کە لە یاریگەی سان سیباستیان ئەنجامدەدرێت، دواتریش دوو یاریی دیکە بەرامبەر کادیز و گرانادا ئەنجامدەدات و ئەو سێ یارییە ئامانجی سەرەکیی لۆس بلانکۆسە.

ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە کە چۆن یاریدەکەین، گرنگ نییە کێ دێتە بەردەممان و چی دەکات، ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە، ماندووە بەڵام پاڵەوانە و چەندین ساڵە ئەو راستییەیان سەلماندووە، ئەوان رێزی هەمووانیان بەدەستهێناوە و هەمیشە باشترین ئاست پێشکەشدەکەن.

ئیمانۆل ئالگواسێل، راهێنەری ریال سۆسیداد.

هەفتەی رابردوو بۆ ئەستێرەکانی ئەنچیلۆتی ماندووکەربوو، بە 120 مانچێستەر سیتییان لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە، فریای پشوودانی درێژخایەن نەکەوتن و دوای گەشتکردن و ماندوبوون گەڕانەوە و کلاسیکۆشیان ئەنجامدا، جارێکی دیکەش سەرکەوتووبوون، بۆیە بەر لە یاریی داهاتوویان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن داوای پێشخستنی یارییەکەیان کرد بەرامبەر ریال سۆسیداد، رایەڵەی یانەکانیش راستەوخۆ داواکەی قبوڵکردن، چونکە ئەوە سوود بە تاکە نوێنەری ئیسپانیا دەگیەنێت لە خولە ئەوروپییەکاندا و پێنج رۆژ پشوویان پێدەدات بۆ ئەم یارییە و دواتریش پشوویەکی دیکەیان پێدەدات بۆ چامپیۆنزلیگ.

لەیارییەکەی ئەمشەودا، جگە لە کۆرتوا کە تەنیا راهێنان دەکات، میلیتاو تواناکانی تاقیدەکرێتەوە، بەڵام دووان لە یاریزانە سەرەکییەکان بەشداری ناکەن، کە ئەوانیش جوود بێلینگهام و فێرلاند مێندی-ین، یەکەمیان بەهۆی ئازاری گەدەوە و دووەمیشیان بەهۆی کێشەی ماسولکەییەوە.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، لەگەڵ هەریەک لە جوود بێلینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆر. فۆتۆ: AP