وەزارەتى پلاندانانى عێراق: پێویستمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوونە

کارکردن لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور

گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، کێشەى نیشتەجێبوون لە پێشینەى کارەکانیانە، لەهەموو پارێزگاکان کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون بەهەموو پێداویستییەکانیانەوە دروستدەکەن.

عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە پێویستى بە زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوونە بۆ چارەسەرى کێشەى نیشتەجێبوون.

ئەوەشى خستووەتەروو، لەهەموو پارێزگاکان کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون دروستدەکەن، ئەم هەنگاوە چارەسەرى کێشەکە ناکات، بەڵام دەتوانرێت کێشەى نیشتەجێبوون لەو قەبارە گەورەى هەیە کەمى بکاتەوە.

گوتیشی "حکومەتى عێراق بڕیاریداوە نزیکەى 300 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بەنرخى پاڵپشتیکراو بۆ کەمدەرامەت و هەژاران دروستبکات".