دەرئەنجامى لیکۆڵینەوە لە رووداوى تەقینەوەکەى بنکەى کالسۆى حەشدى شەعبى راگەیەندرا

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوى تەقینەوەکەى بنکەى کالسۆى حەشدى شەعبى رایگەیاند، رووداوەکە تەقینەوەى گەنجینەیەکى هەڵگرتنى چەک بووە نەک هێرشى دەرەکى.

دواى رووداوەکەى بنکەى سەربازیی کالسۆى حەشدى شەعبى، محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەى هێزەچەکدارەکانى عێراق، لیژنەیەکى بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا و لیژنەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تەقینەوەکە هیچ هۆکارێکى دەرەکى لەپشت نەبووە و لەکۆگایەکى هەڵگرتنى چەک لە بنکەکە تەقینەوە روویداوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پاشماوەى 27 مووشەک لەدەروروبەرى شوێنى تەقینەوەکە دۆزراوەتەوە کە لە کۆگاکە تەقیونەتەوە و هەموو راپۆرتەکانى هێزەکانى بەرگریى ئاسمانى جەخت لەوەدەکەنەوە، لەوکاتەدا جوڵەى هیچ فرۆکەیەک لەناوچەکە نەبووە.

هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهێزیى تەقینەوەکە بەجۆرێک بووە، هیچ مووشەکێکى ئاسمانى ئەو توانایەى نییە و بەو جۆرە کاریگەریى لەسەر شوێنى تەقینەوەکە دروستبکات.

بەرەبەیانى 20ى نیسان، دەنگى تەقینەوەیەکى گەورە پارێزگاى بابلى هەژاند، تەقینەوەکە لە بنکەى سەربازیى کالسۆى حەشدى شەعبى بوو، بەهۆیەوە چەکدارێکى حەشدى شەعبى کوژراو هەشت چەکدارى دیکە برینداربوون.