/

عێراق گرێبەستێک بۆ بەرهەمهێنانی گاز لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆکرانی واژۆ دەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆکرانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازیی عەکاز و زیادکردنی بڕی بەرهەمەکەی واژۆ کرد، گرێبەستەکەش بە ئامانجى دابینکردنى سووتەمەنییە بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەنبار.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەگەڕخستنەوەی کێڵگەکە لەچوارچێوەی ئەو پلانەدایە کە پەلەبکرێت لە زیادکردنی بەرهەمی گاز، بۆئەوەی بڕەکەی لە 60 ملیۆن پێ سێجا گازەوە بگاتە 400 ملیۆن پێ سێجا گازی رۆژانە لەماوەی چوار ساڵدا.

گرێبەستەکە بەشێوەی سێ قۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای کوکازی کۆریای باشوور و کۆمپانیای یوکرزم یسورسی ئۆکرانی واژۆکرا و بڕیارە لەماوەی چوار ساڵدا بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازیی عەکاز بگەیەنرێتە 400 ملیۆن پێ سێجا.

باسم محەمەد خزر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی سووتەمەنی گوتی، "بەرهەمەکانی ئەم کێڵگە گازییە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی وێستگەی کارەبای ئەنبار و وێستگەی عەکازی گازیی".