عێراق لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ بە ئەندامبوون لە رێکخراوى بازرگانیى جیهانى

تەلاری رێكخراوی بازرگانیی جیهانی لە جەنەوا.

وەزیری بازرگانی و سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی پەیوەندیدار بە پەیوەستبوونی عێراق بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی رایگەیاند، "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوى بازرگانى جیهانى".

ئەسیر داود، وەزیری بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، دوو فایلی ئۆفەری سەرەتایی تەواو بووە و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە ئاڕاستەی ئەمینداریەتی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی کراوە.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەم هەنگاوە گرنگە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بەرنامەکەیدا دێت، کە ئامانجی بەرەوپێشبردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی بەردەوامە، ئەمەش رەنگدانەوەی پابەندبوونی عێراقە بۆ دەستەبەرکردنی یەکگرتنی ئابووریی جیهانی و فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان.

وەزیرى بازرگانى هێماى بۆ ئەوەشکردووە، رێکخراوی بازرگانی جیهانی WTO پێشوازی لە گەڕانەوەی عێراق کردووە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و هەوڵەکان بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوەکەدا.

ئامانجی گشتی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی یارمەتیدانی ئەندامەکانیەتى بۆ بەکارهێنانی بازرگانی وەکو ئامڕازێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان، کە رێکخراوەکە سیستمی جیهانیی یاساکانی بازرگانی بەڕێوەدەبات و یارمەتی ئابوورییە گەشەسەندووەکان دەدات بۆ بنیاتنانی توانای بازرگانیی خۆیان.