لە سلێمانی لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان پۆلیس و چەند هاوڵاتییەکدا چوار کەس برینداربوون

لەئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی هێزێكی پۆلیس و چەند داواكراوێك چوار كەس بریندار بوون و بەگوێرەی گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی باری تەندروستی دوانیان ناجێگیرە.

سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە کەناڵ8ی راگەیاند "لە رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی سلێمانی، چوار بریندار گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، باری تەندروستی دوانیان ناجێگیرە".  

پەیامنێری كەناڵ8 لە شوێنی رووداوەكە لە گەڕەكی سلێمانی تازە ئاماژەی بەوە كرد "چەند تۆمەتبارێك لێرە هەبوون و فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە مەفرەزەیەكی پۆلیس هاتوونەتە گەڕەكەكە بۆ ئەوەی دەستگیرییان بكەن و لەئەنجامی رووبەڕووبوونەوەدا لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و داواكراوەكاندا بریندار هەیە".

گوتیشی "هێزەكانی پۆلیس و بەڵگەی تاوان لەناوچەكە بوون و لێكۆڵینەوەكانی خۆیان لەشوێنی رووداوەكە ئەنجامداوە".

شایەتحاڵێكی رووداوەكەش بە كەناڵ8ی راگەیاند "ماوەی دوو ساڵە ئەو خێزانە لەم گەڕەكە نیشتەجێن و كرێچین و چەند وەختە كێشەیان هەیە و ئیزن دراوون و ئەگەر پێشتر كێشەكانیان چارەسەر بكرایە ئەمەی ئەمڕۆ رووینەدەدا".

ئەو شایەتحاڵە روونیكردەوە "ئەوانەی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەوە دەستگیركران بەڵام بریندارهەیە".