چاڤی هێرناندێز لە بەرشلۆنە دەمێنێتەوە

لای راستەوە، جاڤی هێرناندێز، خوان لاپۆرتا، دێکۆ.فۆتۆ: AP

ئەو بڕیارەی هاندەرانی بەرشلۆنە چاوەڕوانیاندەکرد، درا.. پاش هەوڵێکی زۆری بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە، چاڤی هێرناندێز لە بڕیاری رۆیشتنی پاشگەزبووەوە و بڕیاریدا تاوەکو وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی 2025 بەردەوامبێت.

لە رێکەوتی 30ی حوزەیران، دوای شکستهێنان بەرامبەر بە ڤیاڕیاڵ، چاڤی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زۆر بەروونی رایگەیاند، کە لە بەرشلۆنە بەردەوام نابێت، بەڵام بەردەوام رافا یوستی جێگری سەرۆکی یانە ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، کە رێگە بەو کۆتاییە ناخۆشەی چیرۆکەکە نادەن.

ئێمە هەرگیز گومانمان لە توناکانی چاڤی نەبووەم، هەرگیزیش بەدوای راهێنەری جێگرەوەیدا نەگەڕاین، چاڤی دەیەوێت کۆتایی ەب ستراتیجی یانەکە بهێنێت و ئێمەش بەهەموو جۆرێک پاڵپشتی دەکەین.

رافا یوستی، جێگری سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە.

شەوی رابردوو، لە نووسینگەکانی سیوتات ئیسپۆرتیڤا خوان گامبەر، چاڤی و ئۆسکاری برای لەگەڵ دیکۆ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و پاشان بەڕێکەوتن بۆ ماڵی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە، لەوێ رافا یوستی جێگری سەرۆک و ئەلیخاندرۆ ئیچیڤاریا چاوەڕوانیان دەکرد، کە باوەڕپێکراوترین پیاوی سەرۆکی یانەیە و هەمیشە بڕیارەکانی کاریگەری دروستدەکات.

بەخێرهاتنی هەمووان دەکەم، رۆژنامەنووسان و ئەندامانی یانەکەمان، ئەمڕۆ بە شەرەفێکی گەورەوە پێتانرادەگەیەنم کە چاڤی لە ئەرکی راهێنانی یانەکەمان بەردەوام دەبێت، هەمووان دەزانن لە ماوەی رابردوودا بڕیاریدا بڕوات، بەڵام ئێستا پێتاندەڵێم کە دەمێنێتەوە، ئەو بەپەرۆشە بۆ پرۆژەی یانەکە، لە یەکەم رۆژەوە حەماسەتی  چاڤیمان بەچاوی خۆمان بینیوە، دڵنیاین بڕیاری بەردەوامبوونی لە بەرشلۆنە بۆ هەمووان بە سوودە، بەگوێرەی ئەزموونی خۆم لەوە تێگەیشتووم کە سقامگیری زۆر گرنگە، ئێستا چاڤی و هیچ کەسێکیش گومانیان نییە و لەبەیانییەوە هەموومان لێرەدەبین، باشترین بڕیاریش بەردەوامبوونی چاڤی بوو.

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە.

دوای دوو کاتژمێر کۆبوونەوە و قسەکردن لەبارەی سەرجەم وردەکارییەکانەوە، هەردوو جەمسەرەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی چاڤی تاوەکو 2025 بەردەوامبێت لەگەڵ بژاردەی بەردەوامبوون بۆ وەرزێکی دیکە، بەو مەرجەی ئیدارەی یانەکە ستراتیجێکی نوێ دابنێت و هەوڵی راستکردنەوەی ئەو بارودۆخە بدەن کە یانەکە تێیکەوتووە.

دوابەدوای رێککەوتنی جەمسەرەکان و وەک ئاهەنگگێرانێک بەو بۆنەیەکە، هەریەکە لە فیران ئۆلیڤێی بەڕیوەبەری گەنجینەکان و جولیۆ گیوی جێگری بەرپرسی بەبازاڕکردنی یانەی بەرشلۆنە گەیشتنە ماڵی لاپۆرتا و هەمووان بەیەکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.

متمانەم لە ئیدارەی یانەکە بەدیکرد، هەمووان باوەڕمان بەوەیە کە دەبێت پرۆژەکە بەردەوامبێت، هێشتا تەواونەبووە و پێویستی بە بەردەوامبوونە، منیش هەوڵدەدەم هەمیشە باشترین پێشکەش بە یانەکە بکەم، هەستم بە متمانە و پشتیوانی ئیدارە و یاریزانان کرد، وایانلێکردم بمێنمەوە، سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەدا هیچ ناسناویک بەدەستناهێنین، حەماسەتی هاندەران هۆکاربوون لە پشت مانەوەم لە یانەکە.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە.
چاڤی هێرناندێز و خوان لاپۆرتا. فۆتۆ: AP