چەند یارییەکی پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید ئەنجامدران

پالەوانییەتی کراوەی مەدرید 2024. فۆتۆ: AP

لە قۆناغی یەکەمی پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید لە ئیسپانیا، دێنیز شاپۆڤالۆڤی کەنەدی لە رووبەڕوووبونەوەیەکی بەهێزدا بەرامبەر فاکۆندۆ دیازی ئاکۆستای ئەرجەنتینی یارییکرد.

لەکۆمەڵەی یەکەمدا یاریزانە کەنەدییەکە بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانی سێرفی رکابەرە ئەرجەنتینییەکەی بشکێنێت، ئەو کۆمەڵەیەشی بەئەنجامی 6 بە 4 بردەوە.

لەکۆمەڵەی دووەمدا، ئاکۆستا گەڕایەوە و بەتوندی وەڵامی رکابەرەکەی دایەوە، کاتێک بەئەنجامی 6 بە 3 بردیەوە و کۆمەڵەکانی یەکسانکردەوە، بەڵام لەکۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکەرەوەدا، شاپۆڤالۆڤ بەبەهێزی دەرکەوت و توانی بەئاسانی و بەئەنجامی 6 بە 3 کۆمەڵەی سێیەمی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بەو بردنەوەیەش خۆی گەیاندە قۆناغی دووەم و رووبەڕووی تۆماس مارتن ئیچێڤری دەبێتەوە.

دێنیس شاپۆڤالۆڤ، یاریزانی تێنسی سەرزەوی. فۆتۆ: AP

لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغی پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید، شانگ گۆنچینگی چینی رووبەڕووی کۆرنتین مۆتیتی فەرەنسی بووەوە و یارییەکە بەبردنەوە یاریزانە چینییەکە کۆتاییهات.

شانگ لە یارییەکەدا بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و سەرەرەڕای ئەوەی کۆمەڵەی یەکەم بەئەنجامی 6 بە 7 لەبەرژەوەندی رکابەرە فەرەنسییەکەی کۆتاییهات، بەڵام شانگ کۆڵینەدا و لەدوو کۆمەڵەی دواتردا بەئەنجامی 6 بە 2 و 7 بە 6 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یارییەکەی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.

یارییەکە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند، شانگی 19 ساڵ نازناوی جێرییە و ئەوە 37 مین بردنەوەی بوو لەکاروانی وەرزشیدا و خۆی گەیاندە قۆناغی دووەمی پاڵەوانییەتیەکە، لەو قۆناغەشدا رووبەڕووی ئەلیخاندرۆ داڤیدۆڤیچ فۆکینا دەبێتەوە.

پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید 2024. فۆتۆ: AP

یارییەکانی کراوەی مەدرید بەردەوام بوو لە یاریی گرنگ و چارەنووسساز، کاتێک لە یارییەکی دیکەدا ماریا لاوردێسی ئەرجەنتینی و ئێما رادوکانوی ئەمریکی رووبەرووبونەوە، بە پێجەوانەی پێشبینییەکان، ماریا توانی یارییەکە بە ئەنجامی گەورە بباتەوە.

یارییەکە کاتژمێرێک و 26 خولەکی خایاند، هەردوو خانمە یاریزان لە رکابەرییەکی سەختدابوون، بەڵام ئەوەی باڵادەستبوو ماریا بوو، سێرڤی رکابەرەکەی بە ئاسانی شکاند.

ماریا خاڵی کۆمەڵەکانی لە رادوکانو 6 بە 2 و 6 بە 2 لێبردەوە و بەم شێوەیە خۆی گەیاندە قۆناغی ماستەرزی 1000 خاڵی، رادوکانو نەیتوانی لە ماریای ژمارە 82ی ریزبەندی بباتەوە، لە کاتێکدا لەیارییەکشدا شەش جار سێرڤی شکێنرا.

لە 2022ەوە ماریا هەوڵ دەدات بگاتە ماستەرزی 1000 خاڵی و لەم یارییەشدا بەختی کرایەوە، خانمە ئەرجەنتینییەکە لە یاریی داهاتوودا روبەرووی ڤێرۆنیکا کودێرمێتۆڤای ژمارە 17ی ریزبەندی دەبێتەوە.

ئێما رادوکانو، لە پاڵەوانییەتی کراوەی مەدرید 2024. فۆتۆ: AP