لە هەڵمەتێکی دژ بە تۆڕەکانی لەشفرۆشی و بازرگانی بە مرۆڤ لە بەغداد 200 کەس دەستگیرکران

هێزێكی پۆلیسی بەغداد، لەكاتی هەڵمەتەكەدا لە گەڕەكی كەڕادە. فۆتۆ: وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستگیرکردنی زیاتر لە 200 کەسی لە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆسەر گەڕەکێکی ناسراوی بەغداد راگەیاند، کە تۆڕەکانی لەشفرۆشی و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانی بە مرۆڤى گرتووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لەزاری لیوا میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، "ئۆپراسیۆنەکە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و یەکەم ئۆپەراسیۆنى لەمجۆرەیە لەماوەی ساڵانی رابردوودا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەى گەڕەکى بەتاوین تۆڕەکانی لەشفرۆشی و ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە رێکخراوەکان و باندەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و کارگەکانی ساختەکاریی پیشەسازی و نووسینگەکانى گواستنەوەی کاڵای بێمۆڵەت و چەندین تۆڕى دیکە دەستگیرکراون".

عەمید شەعلان ئەلحەسناوی، فەرماندەی پۆلیسی رەسافە لەو بارەیەوە گوتویەتی، بەگوێرەى ئامارە سەرەتاییەکان 207 تۆمەتبار بەگوێرەى مادەی جۆراوجۆر دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانیش چەک و تفەنگی بێمۆڵەت و نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراویان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن بازنەکانی تاوانی رێکخراوەوە لە گەڕەکەکەدا بەڕێوەدەبرێن.

هێزە ئەمنییەکان لە عێراق بەردەوام ئۆپراسیۆن دژى شوێنى تاوانە رێکخراوەکان ئەنجامدەدەن، لە مانگی نیسانی 2023، نزیکەی 200 عێراقی و بیانی لەکاتی هەڵکوتانە سەر گازینۆ نایاساییەکانی بەغداد دەستگیرکران، پۆلیس لە مانگی رەمەزاندا چوار یانەی شەوانەیان کردەئامانج کە سەردانکەرەکانى یاری بلاکجاک و رۆلێتیان دەکرد، کە لە عێراق قەدەغەکراون.