تابلۆی "کوڕی چەکوش"ـەکەی بانکسی

تابلۆی "کوڕی چەکوش"ـەکەی بانکسی لەژێر چاودێری ورددایە

تابلۆی "کوڕی چەکوش"ـەکەی بانکسی، هونەرمەندی نەناسراوی سەر شەقام، کە لەسەر دیوارێکی مانهاتنە، بەشێوەیەکی ورد دەپارێزرێت، دوای ئەوەی کارکردن لەسەر شەقامێکی نزیکی دەستی پێکردووە.

تابلۆکەی بانکسی، وێنەی منداڵێکە کە چەکوشیکی قورسی بەدەستەوەیە و دەیدات بەسەر بۆرییەکی ئاگرکوژێنەوەدا، لەسەر باڵەخانەی خێزانی زابار کێشراوە کە دەکەوێتە سەر شەقامی دەبلیو 79 برۆدوەی لە مانهاتن.

تابۆکە لەلایەن بانکسییەوە لە تشرینی یەکەمی 2013ـەدا کێشراوە، بەشێکبووە لە جەنجاڵییەکی هونەریی کە ماوەی چەند مانگێکی خایاندووە، ناوی "دەرەوە باشترە لە ناوەوە"ـی لێنراوە، چونکە لەو کاتەدا هەموو رۆژێک کارێکی نوێی دروست دەکرد.

سکۆت گۆڵدشاین، بەڕێوەبەری زابار، کە بەرپرسە لە پاراستنی ئەو کارە هونەرییە، گوتوویەتی، "هەرگیز بیرمان نەدەکردەوە لەوەی ئەم شەقامە دەبێتە شوێنێک بۆ راکێشانی گەشتیار، بەڵام دەمانزانیی ئەو کارە، کارێکی هونەریی تایبەتە و خۆشمان ویست، بۆیە دامانپۆشی و پاراستمان".

هەروەها بە رۆژنامەی ئارت نیوزی راگەیاندووە، شووشەیەکی بەهێزمان لە دیوارەکە بەستووە، تا تابلۆکە بپارێزێت، بەڵام دژە فیشەک نیە، ئاسانە هەر کەسێک بیەوێت بیشکێنێت و بگات بە تابلۆکە".

باسی لەوەشکردوە، زیاتر لە 10 هەزار دۆلاریان بۆ پاراستنی دیواری زابار خەرج کردووە، هەروەها کارمەندەکان بە بەردەوامیی پشکنینی بۆ دەکەن و شوشەکە پاک دەکەنەوە.

لە ساڵی 2023ـدا تابلۆیەکی نوێی بانکسی، دوای چەند رۆژێک لە دروستکردنی لەسەر دیوارێک لە باکووری لەندەن، بە بۆیاخی سپی شێوێنرا، ئەمەش وایکرد بە راگرێکی کانزایی بەردەمی بگیرێت تا بپارێزرێت.

کارەکانی بانکسی لە سەرانسەری جیهاندا گرنگییەکی زۆریان پێدەدرێت، لەسەر هەر باڵەخانەیەک دەربکەون، نرخ و بەهای ئەو باڵەخانەیە بەرزدەکەنەوە، هەروەها ئەرک بۆ خاوەنی باڵەخانەکان زیاد دەکەن، وەک چاککردنی تابلۆکە و پاراستنی، لەگەڵ زیادکردنی هاتوچۆ لە نزیکی.

هەندێکجاریش تابلۆکانی بانکسی بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی رووبەڕووبوونەوەی وێنەکێشان لەسەر دیوارەکان، لادەدرێن، یان ئەو باڵەخانانەی کە وێنەکەیان لەسەر کێشراوە دەڕووخێنرێن، هەموو ئەمانە دەبنە هۆکار بۆ لەناوچوونی هەندێک لە تابلۆکانی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا.