بەهۆی گەندەڵییەوە وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا دەستیلەکارکێشایەوە

میکۆلا سۆلۆسکى - فۆتۆ: گووگڵ

میکۆلا سۆلۆسکى، وەزیرى کشتوکاڵى ئۆکرانیا، نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشى پەرلەمانى وڵاتەکەى کرد، کە تۆمەتبارە بە دەستبەسەردا گرتنى زەوی و زارى دەوڵەت.

رەسلان ستیڤانچوک، سەرۆکى پەرلەمانى ئۆکرانیا، لەهەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک، بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتى پەرلەمان، نامەى دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى کشتوکاڵیان پێگەیشتووە.

میکۆلا سۆلۆسکى، نوسیویەتى "داوا دەکەم لێتان، رەزامەندى بفەرموون بە دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستى وەزیرى سیاسەتى کشتوکاڵ و خۆراک".

بەگوێرەى زانیارییەکانى میدیاى ئۆکرانی، بڕیارە ئەندامانى پەرلەمان بەمنزیکانە رەزامەندى بدەن لەسەر دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى کشتوکاڵى ئۆکرانیا.

هاوکات ئاژانسى نیشتمانى بۆ رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى لە ئۆکرانیا، ئاشکرایکرد "وەزیرى کشتوکاڵ، تۆمەتبارە بە قۆرخکردنى زەویوزارى دەوڵەت، کە بڕەکەى بە پارە دەکاتە نزیکەى حەوت ملیۆن یۆرۆ، هەروەها هەوڵیداوە دەستبگرێت بەسەر ژمارەیەک زەوی دیکەدا، کە بایی نزیکەى پێنج ملیۆن یۆرۆ بووە.

ئاژانسى فرانس پرێس، ئاماژەى بەوەکردووە، لەدواى هەڵایسانى جەنگى رووسیا-ئۆکرانیا، لە مانگى شوباتى 2022ەوەوە، گەندەڵى بەشێوەیەکى بەرچاو لە ئۆکرانیا سەریهەڵداوە و رێژەکە بەرزبووەتەوە، بەتایبەتى لەناو سوپاى ئۆکرانیا.