لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی غەززە دەکات

پرۆسەى دەرهێنانەوەى تەرمى دوو گۆڕى بە کۆمەڵ لە خان یونس. فۆتۆ: AA

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئاشکرابوونی گۆڕی بەکۆمەڵ لە کەرتی غەززە، واتاى ئەوەیە پێویستە لێکۆڵەرانی سەربەخۆی بواری مافەکانی مرۆڤ و پزیشکی دادی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەن.

رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دواى ئاشکرابوونی گۆڕەبەکۆمەڵە تۆقێنەرەکان لە کەرتی غەززە، پێویستە پارێزگاریی لە بەڵگەکان و دەستڕاگەیشتنی بەپەلە لە لایەن لێکۆڵەرانی مافی مرۆڤەوە بکرێت.

رێکخراوەکە، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفافی کرد بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت، هەر پێشێلکارییەک لە کەرتی غەززە روویداوە، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەی تێدا بکرێت.

ئەو راگەیەندراوەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە، لە سێ گۆڕی بە کۆمەڵدا لە باشووری شاری خان یونس، نزیکەی 60 تەرمیان لە نزیک کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر دەرهێناوەتەوە.

دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە شاری خان یونس لە کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 392 تەرم لە گۆڕی بە کۆمەڵدا دەرهێنراونەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی فەڵەستین، بەشێکی زۆر لە تەرمەکان شوێنی ئەشکەنجەیان پێوە دیارە و هەندێکیشیان بەزیندوویی خراونەتە ژێرخۆڵەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سوپای ئیسرائیل بە بیانووی چەکدارانی حەماس و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس، لە شاری خان یونس، هێرشیکردەسەر نەخۆشخانى ناسر و دەوروبەری، بەهۆیەوە بە دەیان فەڵەستینی کوژران، دوای کشانەوەشی لە ناوچەکە، ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ ئاشکرا بووە، کە بەگوێرەى هەندێک لە رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینیانەی کە لە نەخۆشخانەکە و دەوروبەری لە کاتی هێرشەکاندا کوژراون.