روانگەى سووری: زیاتر لە 120 خێزانی داعش لەخانووی کوردەکانی سەرێکانیدا نیشتەجێکراون

شاری سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان

زیاتر لە 120 خێزانی داعش کە لەناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە هەڵهاتوون لەخانووی هاونیشتمانییە کوردەکانی سەرێکانیدا نێشتەجێکراون.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و لەدوایین هەنگاویاندا زیاتر لە 120 خێزانی چەکدارانی داعش کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر هەڵهاتوون، لە خانووی کوردەکانی سەرێکانیدا نێشتەجێکراون.

 بەگوێرەی  ئەو سەرچاوەیە، زۆرینەی ئەو خێزانانەی داعش لە ساڵانی پێشوودا لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە کەمپەکانی هۆل و مەبرووکە لە شاری حەسەکە هەڵهاتوون و خۆیان گەیاندووەتە شاری سەرێکانی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، خێزانەکانی داعش لە گەڕەکەکانی حوارنە، خرابات، گوندی رەشۆ عەتیە و گرێ سەخری سەر بە شاری سەرێکانی نێشتەجێکراون.

لە 9ـى تشرینی یەکەمی 2019دا، گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا دەستیان بەسەر هەردوو شاری سەرێکانی و گرێ سپی رۆژئاوای کوردستاندا گرت.