لیژنەى دارایى لە هۆکارى رەوانەنەکردنى پارە بۆ هەرێم دەکۆڵێتەوە

مامەڵەکردن بە دیناری عێراقییەوە لە بازاڕەکاندا. فۆتۆ: Unsplash

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بڕیاریدا میوانداریی وەزیرانی نەوتى عێراق و سامانە سروشتییەکانى هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو هۆکاری پچڕانی ناردنى پارە بۆ هەرێم بزانن.

عەتوان ئەلعەتوانی، سەرۆکی لیژنەى دارایى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند،"لیژنەکە میوانداریی تیمی حکومەتی کرد، کە دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش هەنگاوی یەکەمە سەبارەت بەو ئەرکەی بە ئەنجوومەنی نوێنەران سپێردراوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرەکان، سەبارەت بە بڕە پارەکانی هەرێم بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە لەم هەفتەیەدا میوانداریی وەزیری نەوتی ئێستا لە حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەی بزانن کێشەکە لە کوێدایە".

هاوکات ئەوەشى خستووەتەڕوو، لیژنەکەیان راپۆرت پێشکەشی سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت هۆکارەکانی بڕینی ناردنى پارە بۆ هەرێم چییە و ئەنجوومەنى نوێنەران دەتوانێت چ هەنگاوێک بگرێتەبەر بۆ زامنکردنی مافەکانی هاوڵاتیان لە هەرێمى کوردستان.

دواى ئەوەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە 3ى ئەیلوول، بڕیاریدا ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار بۆ مانگەکانى (11،10،9) بەقەرز رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات، تاوەکو کێشەکان چارەسەر دەبن، ئەوەش کاردانەوەى حکومەتى هەرێمى لێکەوتووەتەوە.

بۆ دۆزینەوەى چارەسەر و جێبەجێکردنى یاساى بودجە لەلایەن هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراقەوە، لیژنەى دارایى هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەى هۆکارى کێشەکان و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی دەستوور و یاساى بودجە.