/

230 کارمەندی یاریی ئەلکترۆنی "پۆکیمۆن گۆ" لەکارەکانیان دوورخرانەوە

کۆمپانیای ئەلکترۆنی نیانتیک لەماوەی ئەمساڵدا ناچاربووە، یەک لەسەر سێی ستافی یاریی ئەلکترۆنی پۆکیمۆن گۆ Pokémon Go، کەم بکاتەوە و 230 کارمەند لەکارەکانیان دووربخاتەوە.

جۆن هانکێ، بەڕێوبەری کۆمپانیای نیانتیک، لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە، ئەمساڵ کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناچاران، ژمارەی کارمەندەکان لە ئۆفیسی سان فرانسیسکۆ کەم بکەنەوە.

ئەمساڵ بە سەدان هەزار کارمەندی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو کۆمپانیانە، هۆکارەکەی بۆ زۆری ناپێویستی ژمارەی کارمەندان دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی کۆمپانیای سێنسێر تاوەری شیکاری، یاریی ئەلکترۆنی پۆکیمۆن گۆ PokémonGo ، زیاتر لە یەک ملیار جار داونڵۆد کراوە، هەروەها هەموو ساڵێک لە 2016-ەوە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ کۆمپانیاکە پەیداکردووە.

کۆمپانیای نیانتیک ژمارەیەک پرۆژە و یاریی ئەلکترۆنی تازەی لەماوەی رابردوو بڵاوکردەوە، بەڵام هەرزوو لەدوای بڵاوبوونەوەیان ناچاربوو لەبازاڕەکان بیانکشێنێتەوە، لەم بارەیەوە بەڕێوبەری کۆمپانیاکە ئاماژەیدا بەوەی لەدوای پەتای کۆرۆنا قازانجەکانیان گەڕانەوە ئاستی رابردوو، بەڵام پرۆژە تازەکانیان قازانجەکانی نەگەیاندووەتەوە ئاستی وەبەرهێنانەکانیان.

لە کۆتایدا جۆن هانکێ ئاماژەیدا بەوەی کاری لەپێشینەیان کارکردن دەبێت، لەسەر یاریی ئەلکترۆنی پۆکیمۆن گۆ Pokémon Go، تاوەکو بگەڕێتەوە ئاستی رابردوو.