بۆ خۆپاراستن لە هاککردن مۆبایلەکەت لە شوێنە گشتییەکان بارگاوی مەکەرەوە

رەنگە بڕواکردن ئەستەم بێت، بەڵام تەنیا بەوەى لە شوێنە گشتییەکان مۆبایلەکەت بە وایەری بارگاویکردنەوەوە کرد، بەدوورى مەزانە هاکبکرێیت و مۆبایلەکەت تێکبچێت.
ئەگەر رۆژێک لە دەرەوە بیت و پاتری مۆبایلەکەت داببەزێت و بارگاویکەرەوەیەکی مۆبایل دەبینیت و بەخێرایی مۆبایلەکەتی پێوەدەکەیت، بێئاگا لەوەی دەکرێت پێش تۆ، هاککەرێک، هەمان وایەری بە ڤایرۆس یان ماڵوێر تووشکردبێت، بەمەش دەتوانێت زانیارییەکانی ناو مۆبایلەکەت ببات، یاخود مۆبایلەکەت بەتەواوی بوەستێنێت.

لەناو کێبڵی بارگاویکردنەوەدا دوو وایەر هەیە، یەکێکیان بۆ بارگاوی کردنەوە، ئەوی دیکە بۆ گواستنەوەی داتا، کەسی هاککەر بە مۆبایل یاخود کۆمپیوتەرێک وایەری بارگاویکردنەکە بۆ گلدانەوەی پرۆگرامی هاککردنەکە یاخود توشکردنی بە ڤایرۆس بەکاردەهێنێت، دواتر بەجێیدەهێڵێت تاوەکو مۆبایلى کەسی دوای خۆی ڤایرۆساوى بکات و داتاکانى ببات.

بۆ رێگریی لەوەى مۆبایلەکەت هاکبکرێت، دەبێت چەند رێکارێک بیگریتەبەر، لەوانە بەکارهێنانی پاوەربانکی خۆت و دوورکەوتنەوە لە بارگاویکەرەوەی شوێنە گشتییەکان، یاخود کێبڵی خۆتت پێبێت و گەر ئەوەش نەبوو، پارچەیەکی بچووک بەناوی "داتا بڵۆکەر " كێشەکەت بۆ چارەسەر دەکات، ئەگەر ئامێرەکەت خستە ناو بارگاویکەرێکی گشتی و نامەیەکت بۆ هات وەک Trust the computer یان Sharing Data ، دەستبەجێ ئامێرەکەت لێبکەرەوە.

ئەمجۆرە هاککردنە لەڕێگەی وایەری بارگاویکردنەوە پێیدەگوترێت "جوس جاکینگ" لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 زیاتر بڵاوبووەوە، لەمدواییانەدا لەبەر زۆریی رووداوەکانی هاککردن بەو شێوازە، هۆشداریی درا، بە هیچ جۆرێک وایەر و بارگاویکەری شوێنەگشتییەکان و هۆتێل و خواردنگەکان بەکار نەهێندرێت.