حکومەتى تورکیا راگەیەندراوێک سەبارەت بە ئی دێڤڵێت بڵاودەکاتەوە

حکومەتى تورکیا راگەیەندراوێک سەبارەت بە ئی دێڤڵێت بڵاودەکاتەوە
حکومەتى تورکیا راگەیەندراوێک سەبارەت بە ئی دێڤڵێت بڵاودەکاتەوە

بەهۆى مەترسی هێرشى ئەلیکترۆنى و هاککردنى هەژمارى هاوڵاتیان، فەرمانگەى گۆڕانکارى دیجیتاڵى حکومەتى تورکیا روونکردنەوەیەکى سەبارەت بە پلاتفۆڕمى ئی دێڤڵێت بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات تەنیا وێبسایتى فەرمى بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ى ئازارى 2024، فەرمانگەى گۆڕانکارى دیجیتاڵى سەرۆکایەتى حکومەتى تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنە خۆجێییەکانى تورکیا بەشێک لە هاککەران فێڵى فیشینگ بەکاردەهێنن بۆ هاککردنى هەژمارى هاوڵاتیان، لە پلاتفۆڕمى ئی دێڤڵێت.

ئی دێڤڵێت پلاتفۆڕمێکی حکومەتی تورکیایە، کە تێیدا سەرجەم زانیارى هاوڵاتیانى تورکیا لەخۆ دەگرێت و بۆ کاروبارى دەوڵەت بەکاردێت، هاوڵاتیانی تورکیا لە رێگاى ئەم پلاتفۆڕمەوە کە زانیارییەکانی خۆیان تۆماردەکەن شوێن و بنکەى دەنگدانەکەى پێدەڵێت.

بەشێکى دیکە لە خزمەتگوزارییەکانى ئەم پلاتفۆڕمە، هەبونى زانیارییە سەبارەت بە بەڵگەنامەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پارەی باج، قەرزى هاتوچۆ.

لە راگەیەندراوەکەى فەرمانگەی گۆڕانکاری دیجیتاڵی سەرۆکایەتی کۆمارى تورکیا هاتووە، گرنگە سەرجەم هاوڵاتیان بزانن و متمانە بەو وێبسایت و نامانە نەکەن کە بۆیان دەڕوات، بەناوی پلاتفۆڕمەکەی ئەوانەوە.

فیشینگ چییە؟

فیشینگ جۆرێکە لە فێڵکردنى ئەلیکترۆنى بەشێوەى ئۆنلاین، کۆمپانیاکان هاوبەشانیان ئاگاداردەکەنەوە کە ئەو جۆرە فێڵکردنە "زۆر مەترسیدارە" ئەو کەسەی فێڵەکە دەکات، ناسنامەی خۆی دەگۆڕێت بۆ کەسێک یان شوێنێک کە تۆ ئاشنایەتیت هەبێت لەگەڵیدا، بۆنمونە هەژمارێکی بانکی ئەلیکترۆنیت هەیە، دەکرێت ئیمەیڵێکت بۆ بێت و نوسرابێت: "هەژمارە بانکیەکەت لەژێر مەترسیدایە، ئێمە هەژمارەکەتمان راگرتووە، تکایە ژمارەی کارتی بانکییەکەت بنوسە بۆئەوەی دڵنیاببینەوە ئەمە هەژمارە بانکییەکەی تۆیە".

لەکاتێکا ئەم ئیمەیڵە لەو کۆمپانیایەوە نەهاتووە کە تۆ هەژمارە بانکیەکەت لێی کردووەتەوە، بەڵکو ئەوکەسە سکامەرەیە و بە ئیمەیڵێکی هاوشێوە ئەم کارە دەکات. بۆ خۆپاراستن لە دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە لە فێڵکردن، ئاگاداربن لەو ئیمەیڵ و ئێس ئێم ئێسانەی کە داوای زانیارییەکتان لێدەکەن یان دەڵێن کۆدێکت بۆهاتۆتەوە بۆمان بنێرەوە، تاوەکو دڵنیانەبنەوە بەتەواوی، دەبێت پشتگوێی بخەن.