شێوازێکی نوێی هاککردن بەرۆکی بەکارهێنەرانی ئایفۆن دەگرێت

شەپۆلێکی نوێی هاککردن روویکردووەتە بەکارهێنەرانی ئایفۆن

شەپۆلێکی نوێی هاککردن روویکردووەتە بەکارهێنەرانی ئایفۆن کە زانیارییە کەسییەکانی خاوەن مۆبایلەکە بەکاردەهێنن بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندن و بردنی پاسۆردی کەسەکە.

هاککردنە نوێیەکە لە جۆری فیشینگە، بەکارهێنەر چەند جارێک نامەی بۆدێت کە دەڵێت ئەکاونتەکەت لەژێر مەترسیدایە و تکایە پاسۆردەکەت بگۆڕە، ئەمە دەکرێت لە رێگای نامە یاخود تەلەفۆنەوە بێت و کەسێک قسەت لەگەڵ دەکات کە خۆی وەک کارمەندی ئەپڵ دەناسێنێت.

لەکاتى پەیوەندییەکە بەشێک لە زانیارییەکانی خۆتت پێدەڵێت، وەک ناو و ناونیشانت کە دەکرێت پێشتر لە کۆمپانیایەکی داتا دەستیانکەوتبێت، دواتر بە نامەیەک کۆدێک دەنێرێتەوە بۆ مۆبایلەکەت و داوات لێدەکات کۆدەکەی پێبدەیت، لەگەڵ هاوبەشیکردنی کۆدەکەت لەگەڵیان ئەوا ئەکاونتەکەت لەدەستدەدەیت.

فیشینگ چییە؟

فیشینگ جۆرێکە لە فێڵکردنى ئەلیکترۆنى بەشێوەى ئۆنلاین، کۆمپانیاکان هاوبەشانیان ئاگاداردەکەنەوە کە ئەو جۆرە فێڵکردنە "زۆر مەترسیدارە" ئەو کەسەی فێڵەکە دەکات، ناسنامەی خۆی دەگۆڕێت بۆ کەسێک یان شوێنێک کە تۆ ئاشنایەتیت هەبێت لەگەڵیدا، بۆنمونە هەژمارێکی بانکی ئەلیکترۆنیت هەیە، دەکرێت ئیمەیڵێکت بۆ بێت و نوسرابێت: "هەژمارە بانکیەکەت لەژێر مەترسیدایە، ئێمە هەژمارەکەتمان راگرتووە، تکایە ژمارەی کارتی بانکییەکەت بنوسە بۆئەوەی دڵنیاببینەوە ئەمە هەژمارە بانکییەکەی تۆیە".

لەکاتێکا ئەم ئیمەیڵە لەو کۆمپانیایەوە نەهاتووە کە تۆ هەژمارە بانکیەکەت لێی کردووەتەوە، بەڵکو ئەوکەسە سکامەرەیە و بە ئیمەیڵێکی هاوشێوە ئەم کارە دەکات. بۆ خۆپاراستن لە دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە لە فێڵکردن، ئاگاداربن لەو ئیمەیڵ و ئێس ئێم ئێسانەی کە داوای زانیارییەکتان لێدەکەن یان دەڵێن کۆدێکت بۆهاتۆتەوە بۆمان بنێرەوە، تاوەکو دڵنیانەبنەوە بەتەواوی، دەبێت پشتگوێی بخەن.