کۆمپانیایەک 650 هەزار دۆلار خەڵاتی ئەو کەسە دەکات هاکی بکات

لەم سەردەمە دیجیتاڵییەی ئەمڕۆماندا لەوانەیە هەموومان چاوەڕێی ئەوە بین لەناکاو هاکبکرێین، بۆیە هەندێک لە کۆمپانیاکان شارەزایانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بەکرێ دەگرن، تاوەکو بتوانن سیستمەکانیان هاکبکەن و لە بەرامبەریشدا خەڵاتیان دەکەن.

کۆمپانیای پۆزتیڤ تێکنۆلۆجیس، کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئینتەرنێتی رووسییە، بەرنامەیەکی بۆ دۆزینەوەی کەلێن لە سیستمەکانیدا دەستپێکردووە و بڕی 650 هەزار دۆلار پێشکەش بە یەکەم هاککەر دەکات، بتوانێت دوو جۆری هاککردن لەناو سیستمەکانیدا ئەنجامبدات.

کۆمپانیاکە لە سەرانسەری جیهانەوە، بانگهێشتی توێژەرانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی ئاسایشی کۆمپانیاکە، ئەویش بە هەوڵدان بۆ هاککردنی یەکێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە یان دزینی پارە لە هەژمارەکانی.

بیرۆکەی پشت ئەم کارەی پۆزتیڤ تێکنۆلۆجیس بریتییە لە بەهێزکردنی شارەزایی هاککەرە ئەخلاقییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ دۆزینەوەی لاوازیی سیستمەکان بە خێرایی و ئاشکراکردنی هەڵەکان.